ههدهپه داوای هاوپهیمانیهتی له جهههپه دهكات

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپه) داوای هاوپەیمانی لە جەهەپە دەكات بۆ هەڵبژاردنەكانی شارەوانیی لە توركیا.
هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێت، بەڵام میدیاكانی توركیا ئاماژە بەوە دەدەن دەسەڵات بەنیازە وادەی هەڵبژاردنەكە پێشبخات بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بۆ ئەمەش پارت و لایەنە سیاسییەكانیش دەستیان بەئامادەباشی كردووە.
ئایهان بیلگەن، گوتەبێژی هەدەپە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی شارەوانیی لە توركیا پەیامێكی ئاراستەی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كرد و ڕایگهیاند: “بۆ ئەوەی هەڵەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆمار دووبارە نەبێتەوە، پێویستە لایەنی سەرەكیی ئۆپۆزیسیۆن ئەو ترسە تێپەڕێنێ و شان بەشان، خۆی لەگەڵ هەدەپە نمایش بكات و پێكەوە هاوپەیمان بین بۆ هەڵبژاردنەكانی شارەوانی”.
گوتهبێژی ههدهپه راشیگەیاند :”پێمانوایە ئەگەر لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن پەند وەرنەگرن لە هەڵەكانی هەڵبژاردنی رابردوو، ئەمجارە كۆمەڵگە پەندێكی خراپتر بە ئۆپۆزیسیۆن دەدات”.