هەڵسوڕاوێکی دیكه‌ی گۆڕان دەستی لەکار کێشایەوە

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌كانی رابردوو زنجیره‌یه‌ك ده‌ست له‌ كار كیشانه‌وه‌ له‌ ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان روویدا,ئه‌مڕۆ هەڵسوڕاوێکی دیكه‌ی بزووتنەوەی گۆڕان، دەستی لەکارکێشایەوە و لە نامەیەکدا، ئاماژە بەوە دەدات، کە گۆڕان ئامرازێک نییە بۆ گۆڕانکاری و بووەتە حزبێکی تەقلیدی.
ئەمڕۆ شەممە 7\7\2018، نەژاد جەلال، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نامەیەکدا، کە ئاراستەی رێکخەری گشتی، خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە، تێدا ئاماژەی بەوە داوە، کە لەئێستا بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆی نەماوە و نە ئامرازێکە بۆ گۆڕانکاری، نە بزووتنەوەکەش هی هەموانە.
ئەو هەڵسوڕاوە دەستلەکارکێشاوەی گۆڕان، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە بزووتنەوە، بووەتە حزبێکی تەقلیدی، هەموو کەس درک بەوە دەکات و دەیبینێ و دەیبسێت، دەشڵێت: ”بۆ رێزگرت لە باوەڕی خۆم و روحی کاکە، ناتوانم بەشداربم لەوەی لە ئایندەدا روودەدات، لێرەوە بێبەری خۆم رادەگەیەنم لە هەموو پێشهاتە و رووداوانەی کە جێگای بڕوابوونی گۆڕانخوازان نییە“.
نەژاد جەلال، لەنامەکەیدا، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە ئەو بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و لەکۆی ئەو شتانەی بڕوای پێ نییە و رووی دایە و روو دەدات، دەشڵێت: ”بەڵام لە ئەگەری بوهتان و تۆمەتکردن پێم، مافی خۆمە بەرگری لە خۆم، مێژوو و داهاتووی خۆم بکەم“.

Back to top button