جێگری مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك: فریامان كه‌ون حه‌شد به‌ ناوی داعش ته‌عریبمان ده‌كات

 

دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی له‌ سنوری كه‌ركووك و ده‌ورو به‌ری ئه‌نجامدرا, جێگری مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی ده‌لێت:” حه‌شد به‌ ناوی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش كورد ته‌عریب ده‌كات”.
یاسین عزەدین، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك ده‌لێت:” توندوتیژییەكانی ئەم دواییە بۆ “عەرەبە شۆڤینییەكان” دەگێڕێتەوە نەك داعش و دەڵێ “بەهاوكاریی چەند وڵاتێكی ناوچەكە، دەیانەوێ لەو رێگەیەوە و بەناوی چەكدارانی داعشەوە سیاسەتی تەعریب جێبەجێبكەن و خەڵكی كورد لە ناوچەكانیان راوبنێن و گوندەكانیان پێ چۆڵبكەن”.

ناوبراو پێیوایە “ئامانجی سەرەكی چەكدارانی داعش پەلاماردانی سوپای عێراقە”. هەرچەندە ئەو بەرپرسەی یەكێتی ناوی هیچ وڵاتێك لەوانە ناهێنێ كە پێیوایە هاوكاریی گرووپە توندئاژۆكان دەكەن بۆ شێواندنی ناوچەكە، بەڵام پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە ئەوەی روودەدات بەپشتیوانی وڵاتانی ناوچەكەیە و واز لەكورد ناهێنن و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە كورد بەتەواوی لاواز بكەن، هاوكات باس لەوە دەكات ئەو هێزانەی پەلاماری گوندەكان دەدەن “هێزی راهێنراون”.

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك، هێندە دڵنیایە لە قسەكانی كە هەمووی زانیاریی دروستن و گوتی “هەنگاوی یەكەمی سیاسەتی تەعریب كردنەكە بە گوندەكان دەستپێدەكات، هەنگاوی دووەم شارۆچكەكانی داقووق و خورماتوو دەگرێتەوە”.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی گلەیی لە هێزە عێراقییەكان هەیە و دەڵێت “بۆ لە ناوچەكانی شوان و ناوچەكانی دیكە لەسەر هەموو گردێك لەو دەشتە چۆڵانە بنكەی سەربازییان داناوە بەرامبەر بەهێزی پێشمەرگە كە هیچ مەترسییەك لەو ناوچانە نییە، بەڵام هەموو ناوچەكانی دیكەیان چۆڵكردووە، ئەمە وەك كردنەوە دەرگایە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب”.

Back to top button