یه‌په‌گه‌ نه‌وتی رۆژئاوا راده‌ستی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌كات

رۆژنامه‌ی “الوطن”ی سووری له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی “ئیداره‌ی خۆسه‌ری” له‌ رۆژئاوای كوردستان “باكووری سووریا” بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، یه‌په‌گه‌ و حكوومه‌تی سووریا، گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێك، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت ئیداره‌ی دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی حه‌سه‌كه‌ بكات و نه‌وته‌كه‌ی راده‌ستی دیمه‌شق بكرێته‌وه‌.
 
به‌ پێی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی “الوطن”ی سووری لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی بەرپرسانی رژێمی سووریا سەردانی شاری قامیشلۆو حه‌سه‌كه‌، ره‌ققه‌، ته‌بقه‌ و شه‌دادییان کردووە و لەگەڵ یەپەگە رێک کەوتوون.
 
هه‌ره‌ها لێژنه‌یه‌كی پسپۆڕی تایبه‌ت به‌ چاككردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كان له‌ دیمه‌شقه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ شاری ته‌بقه‌، له‌وێش له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی خۆجێیی كۆبوونه‌ته‌وه‌، بڕیاریشه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بچنه‌ به‌نداوی تشرینی شاری مونبج.
 
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستانـەوە، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت.
 
لە مانگی ئاداری ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.
 
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
Back to top button