گه‌روی هورمز له‌ نێوان هه‌ره‌شه‌كانی ئێران و ئاماده‌كارییه‌كانی كویت دا

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (ئەلقەبەس)ی کوێتی، ئەنجومەنی وەزیرانی کوێت کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی ئامادەکاری، رێکارەکان و چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئابوورییەکانی ئێران دەکات.
 
پێشتر محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی لە کەنداوی عەرەبی بەڕووی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکاندا کردبوو، گەرووی هورمز کەوتووەتە کەنداوی عەرەبی لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئیمارات، بە داخستنی، هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی عێراق، کوێت، بەحرێن و قەتەر بە کەشتی، رادەوەستێت.
 
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1، ئەمریکا چەندین سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند، کە کاریگەرترینیان بریتییە لە رێگرتن لە فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە و سزایەکی قوەرسیشی بۆ ئەو وڵاتە داناوە، کە مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ئێران دەکات.
 
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
Back to top button