سهرۆك بارزانی لهبارهی گهشهپێدانی فهرههنگی پێشمهرگایهتی لهناو لاوان بزانه چی دهلێت
سهرۆك بارزانی بۆ لاوان،پێویستە فەرهەنگی پێشمەرگایەتی لەناو لاواندا گەشە بكات”.
ئەمڕۆ یەكشەممە 8\7\ 2018، لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی، لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان كۆبوویەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، كورتەیەكیان لەبارەی كار وچالاكییە سیاسی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگیی یەكەتییەكەیان بۆ خزمەتكردنی گەنجان، لاوانی كوردستان، دیاریكردن و چارەسەركردنی گرفتەكانیان خستەڕوو و هەروەها سەرۆك بارزانیان لە ئامادەكاریی بۆ بەستنی هەشتەمین كۆنگرەی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئاگادار كردەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی، لە گوتەیەكدا دەستخۆشی لە ستاڤی سەركردایەتی و هەموو ئەندامانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵ و كاریگەریی ئەو یەكێتییە دا لە قۆناغە جیاجاكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان.
لە درێژەی گوتەكەیەدا سەرۆك بارزانی، جەختی لە ڕۆڵی ئافرەتان كردەوە لە ژیانی سیاسی، كولتووری، كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە و داوایشی كرد كە لە كۆنگرەی داهاتوو و چالاكییەكانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پێگە و ڕۆڵی كچان و ئافرەتان فراوانتر بكرێت و بە پێویستی زانی زەمینە بۆ بەشداریی زیاتریان لە بوارە جیاجیاكان بە بێ جیاوازی بڕەخسێت.
لە بەشێكی تری گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی، ڕۆشنایی خستە سەر یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان كە دروستكردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لەناو چینی لاوان و بە پێویستیشی زانی كە لاوان ڕووبەڕووی ئەو فەرهەنگە نابەجێیە ببنەوە كە هەوڵ دەدات بەهاكانی كۆمەڵگە لە مانا بەتاڵ بكات و لاوان وگەنجانی كوردستان بەرەو نائومێدی ببات و لە ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری دووریان بكاتەوە، ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە فەرهەنگی پێشمەرگایەتی لەناو لاوان گەشە بكات، كە فەرهەنگی فیداكاری و خۆشەویستیی نیشتمانە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی، ڕۆشنایی خستە سەر قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و هەروەها سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی دووپات كردەوە كە سەپاندنی ئەمری واقعی سەربازی و زۆرداری لە كەركووك و ناوچەكانی تر قابیلی قبوڵ نییە و دەبێ كۆتایی بێت.