شه‌ش حزبە ناڕازیەكە بەیاننامەیەكی ناڕەزاییان بڵاو كردەو

دوای ئەوەی دادگایی فیدڕالی بریاری ژماردنەوەی ئەو سندوقانەی دا کە تانەیان لەسەرە، شەش حزبە ناڕازیەکە جگە لەوەی  داوای زیادکردنی چاودێرانی سیاسی دەکات، ئەوا داوا دەکەن سەرجەم سندوقەکان بەدەست بژمێردرێنەوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەش حزبە ناڕازییەكەی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەكان راگه‌یه‌ندراوێكى هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه‌، رەخنە لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەگرن و داوای ناردنی نوێنەری زیاتریش بۆ چاودێرى پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌ستی دەكەن.

ئەم راگەیەندراوەی شەش حزبەكە دوای ئەوە دێت پێشتر داوای بەدەست ژماردنەوەی دەنگەكانیان كردبوو و داواكەیان قبووڵ كرا، بەڵام داوایەكی تریان رەت كرابووەوە لەبارەی هەژمارنەكردنی سەرلەبەری دەنگەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و پۆلیس و ئاسایش.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە سەرەڕای دەرچوونی یاسای ژماردنەوەی دەستی سەرجەم دەنگەکان و پەسندکردنی لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە، بەڵام ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی پێکهاتوو لە دادوەران پابەندی جێبەجێکردنی یاساکە نەبوون و بڕیاریان دا تەنیا ژمارەیەک سندووقی کەم هەژمار بکرێنەوە.

هەروەها دەڵێن تانە و سکاڵا و راپۆرتی زۆریان پێشکەش بەدەستە دادوەرییەکە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام تاوەکو ئەم ساتەوەختەش وەڵامی هیچ سکاڵا و تانەیەکیان نەدراوەتەوە.

کۆمیسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەکان تۆمەتبار دەكەن بەوەی هاوکار نەبوون لە پێدانی زانیاری سەبارەت بەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە. هەروەها بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن و پەیڕەوی ژمارە (13)ی ساڵی (2018)، بواریان نەدراوە بە چاودێریکردنی وردی پرۆسەکە، تەنیا رێگا بەیەک بریکار دراوە کە لە دوورەوە چاودێری پرۆسەکە بکات، کە لە یەک کاتدا سەدان کارمەند سەرقاڵی پرۆسەی هەژمارکردنەوەکە دەبن.

شەش حزبەكە داوا دەكەن کۆمیسیۆن یاساکە وەکو خۆی و بەبێ هیچ لادانێک جێبەجێ بکات و سەرجەم سندوقەکان هەژمارکردنەوەی دەستیان بۆ بکرێت.

هەروەها بەپێویستی دەزانن کۆمیسیۆن رێگە بدات بریکارانی لایەنە سیاسییەکان لە نزیکەوە چاودێری وردی سندووقەکان بکەن و ژمارەی ئەو بریکارانەش زیاتر بکرێت. هەروەها بەراوردکاری نێوان پەنجەمۆر و بارکۆدی فۆرمی دەنگدانەکان بکرێت.

داواش دەكەن کۆمیسیۆن و دەستە دادوەرییەکە وەڵامی سکاڵا و تانە یاساییەکانی ئەم لایەنانە بدەنەوە، بەپێچەوانەوە، پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەستی ژمارەیەکی کەمی سندووقەکانی دەنگدان، پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان و شەرعییەتدان دەبێت بە پرۆسەی ساختەکاری.

Back to top button