كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ خراپترین بارودۆخدا گۆڕانیان به‌جێهێشت

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ” خواكوڕك” نما و چیا ی نەوشیروان مستەفا لە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەران بوون،هۆكاری نێگه‌رانی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بێزارییان لە ناكۆكییەكانی نێوان سەركردەكانی نێو بزووتنەوەی گۆران .
 
دۆخی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاڵۆزه‌ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرا بوو كه‌ كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا مانگانه‌ ٢٥٠هه‌زار دۆلار له‌ باڵی خیانه‌تكاری ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌رده‌گرن ،ئيستا محەمەد توفیق رەحیم و قادری حاجی عەلی لە خراپترین پەیوەندیدان و هەریەكە لە عومەری سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕانيش لەبری ئەوەی دۆخەكە چارەسەر بكات پشتگیری باڵی محەمەد تۆفیق دەكات بۆ دژایەتیكردنى قادری حاجی عەلی كە لەلایەن عوسمانی حاجی محمود و زۆرینەی جڤاتەوە پشتیوانی لێدەكرێت بۆ لەكارخستنی رێكخەری گشتی گۆڕان و سڕكردنی محەمەد تۆفیق.
 
به‌ پێی زانیارییه‌كانی ” خواكوڕك” دوای ئەوەی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا پشتیوانی خۆیان بۆمحەمەد تۆفیق دەربڕیووە لەلایەن زۆرێك لە ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیه‌وه‌ ڕوبەڕوی ڕەخنە و توانج بونەتەوە بەو پێیەی خراپی ئیدارەدانی گۆڕان لەلایەن عومەری سەید عەلی و دەستگرتنيان بەسەر گردی زەرگەتە و راگەیاندنی بزوتنەوەى گۆڕان، وایكردووە كە نما و چیا نەتوانن لەوە زیاتر بەرگری لە باڵەكەی محەمەد تۆفیق بكەن و بڕیاریانداوە بگەرێنەوە بۆ بەریتانیا.
 
هه‌ربه‌ پێی زانیارییه‌كان بەر لەوەی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا شاری سلێمانی بەجێبهێڵن، لەسەر داوای قادری حاجی عەلی، سیروان كەركوكی و غازی محەمەد لێپرسراوانی بازنەی بەریتانیای بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لە كاركێشاوەتەوەو ئامادەنەبوون وەڵامی پەیوەندی كوره‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا بدەنەوە كە پێشتر داوای لێكردبوون ئامادەكاری بكەن بۆ رێكخستنی چاوپێكەوتنێكی بەرفراوان لەگەڵ هەڵسوڕاوانی ئەوروپای بزووتنەوەكەیان سەبارەت بەو كێشە ناوخۆییانەی گۆڕان ڕووبەڕوی بوەتەوە.
 
جموجۆڵه‌ی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ توڕه‌ بوونی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلاری مانگانە بە نهێنی لە یەکێتی، هەروەها تاپۆرکردنی سەرجەم موڵک و ماڵەکانی گۆڕان بەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، جگە لە پەیوەندییە تایبەتەکەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان لە سلێمانی، کێشەی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا درووست کردووە و بەشێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەکە بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان ده‌رده‌بڕن .
Back to top button