داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی و كوژراو هه‌یه‌

 

دوای ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی جوله‌ی تیرۆریستانی داعش له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر ده‌ستایان به‌سه‌ر داگرتبوو, وه‌ له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی كه‌ركووك و خورماتوو, له‌ ئاكامی هێڕشێكی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر میلیشیاكانی حه‌شد كه‌ ئاژانسی هه‌واڵیی ڕۆه‌یته‌رز، له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌كانی پۆلیسی عێراقی و میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی، بڵاوی كرده‌وه‌، چه‌كدارانی داعش له‌ شاری بێجی 3 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبییان له‌ نزیك گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی نه‌وتی عێراقی، كوشت.
ئاژانسی ڕۆیته‌رز، كوژرانی سێ چه‌كداری میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌ی بێجی، بڵاو كرده‌وه‌.
سه‌رچاوه‌كانی پۆلیسی عێراقی ڕایان گه‌یاندووه‌، كه‌ 7 چه‌كداری داعش، ته‌قه‌یان له‌هێزێكی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی كرد و شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا دروست بوو، له‌ ئه‌نجامدا 4 چه‌كداری داعشیش كوژران.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، به‌رپرسێكی ئه‌منی، ڕای گه‌یاند، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كداره‌كان ناسراونه‌ته‌وه‌ و سه‌رجه‌میان له‌ داواكراوانی سه‌ر به‌ داعش بوون.
هاوكات، فه‌رمانده‌یه‌كی نێوخۆیی له‌ بێجی ڕای گه‌یاند، كه‌ له‌و هێرشه‌ی داعش، 5 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی به‌ سه‌ختی بریندار بوون.

Back to top button