سبه‌ینێ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ولێر ده‌ست پێده‌كات

هەڵبژاردنی ١٢ی مانگی ئایاری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق زۆرترین تانەی لێدرا و دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد، ھەموو ئەو سندووقانەی تانەیان لێدراوە بە دەست بژمێردرێن، بەڵام زۆربەی بریکارەکانی لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی چاودێریی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکانیان بەجێ ھێشت.
 
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند: “بریکارەکانی پارتی بە ھیچ شێوەیەک چاودێریکردنی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکانیان لە سلێمانی بەجێ نەھێشتووە و فەرمان بۆ ھیچ نوێنەرێکی پارتی نەچووە تا کۆتایی بە چاودێریکردن بێنێت، لەبەر ئەوە، بریکارەکانی ئێمە بەردەوامن لەسەر ئەرکی خۆیان و بەوردی چاودێریی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەن.”
 
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژادنەکانی پارتی ڕاشیگه‌یاند: “ئەگەر بێت و ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆتایی بە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بێت، ئەوە بەیانی، ڕۆژی چوارشەممە، لە شاری ھەولێر دەست بە ژماردنەوەی دەنگی ٢١٤ سندووقی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دەکرێت، لە شاری دھۆکیش زیاتر لە ٣٣٠ سندووقی دەنگدان بەدەست دەژمێردرێن، ئێمە لەگەڵ بڕیاری دادگاداین بۆ ئەوەی لە ھەرشوێنێک تانە لەسەر سندووقی دەنگدان ھەبێت دوبارە بژمێردرێن ھەر ئەنجامێکیشی ھەبێـت پارتی پەسەندی دەکات.”
 
سه‌باره‌ت به‌ زیادکردنی دەنگی لایەنە ناڕازییەکانەوە، خەسرۆ گۆران گووتی: “بینیمان لە کەرکووک دەنگی ئەو لایەنانە زیادی نەکرد، بزانین لە سلێمانیش چۆن دەبێت بەروارد بە ئەنجامی ئەلیکترۆنی.”
سه‌باره‌ت به‌ زیادکردنی دەنگی پارتی بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا خەسرۆ گۆران دەڵێت: ” لەو ٣٣٠ سندووقەی بڕیارە لە دھۆک بژمێردرێن زیاتر لە ٢٠٠ سندووقی ھی ئاوارەکانی نەینەوایە، کە شنگال و دەوروبەری مووسڵە و لە بنەڕەتدا نەژمێردراون و ھیچ ئەنجامێکیان بۆ حیساب نەکراوە، لەبەر ئەوەش ئێمە ئومێدمان ھەیە لەگەل ژماردنیان دەنگی ئەو ٢٠٠ سندووقە زیاتر بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی بێت و بەوەش دەنگی پارتی لە سنووری نەینەوا زیاد دەبێت و پارتی چانسی بردنەوەی کۆرسییەکی دیکەی ھەیە لە مووسڵ.”
Back to top button