خراپی دۆخی گۆڕان ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندی و راگەیاندنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: لە شەممەی رابردووەوە واتا ٧ی مانگ، تاوەکوو ٢٥ئەم مانگە، قەوارە و لیستەکان بۆیان ھەیە ناوی لیستی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن بکەن”.
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندی و راگەیاندنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ڕاشیگه‌یاند: “مەرجەکانی کاندید تەنیا ئەوەیە، دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بێت و تەمەنی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت، نابێ ھیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت و تۆمەتی بەعسیبوونیشی نەبێت”.
بەپێی زانیارییەکانی “خواكوڕك” دۆخی ناوخۆیی گۆڕان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و ڕێگرە لەبەردەم دیاریکردنی کاندیدەکانیان و باڵەکانیان لە ناوخۆیاندا لە ململانێی تونددان، هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەیەوێ درزەکانی نێوان باڵەکانی گۆڕان زیاتر بکات.
بەپێی زانیارییه‌كانی ” خواكوڕك” هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا، بەتوندی ڕێگری لەو هەوڵانەی باڵی قادری حاجی عەلی دەکەن و ئەوانەش تا دێت لەبەرامبەر بەوان توندتر دەبن، لەو دۆخەشدا بۆ گۆڕان زەحمەتە بتوانێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.
گۆڕان لە دۆخێکدایە، ئەگەر بۆی بکرێت بیانوویەک دەدۆزێتەوە بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەش دوای بێئومێدبوونی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاری کراوە.
بەشێکی زۆر لە ئەندامانی جڤات لە باڵی قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحموود، هۆشداریی ئەوەیان داوە ئەگەر بێت و دارایی گۆڕان لەژێر کۆنتڕۆڵی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفادا دەرنەهێنرێ، ئەوان بەکۆمەڵ دەست لە کار دەکێشنەوە، تەنانەت هەندێ لە سەرکردە و هەڵسوڕاوانی گۆڕان بەبێدەنگی لە گۆڕان دوور کەوتوونەتەوە.
Back to top button