كریستیانۆ رۆناڵدۆ ریال مه‌دریدی به‌جێهێشت

 

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەكی فەرمی رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی بۆ ریزی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی راگەیاند.

ئێوارەی سێشەممە یانە مەدریدییەكە لە رێی بەیاننامەیەكەوە رۆیشتنی دۆنی پورتوگالی ئاشكراكرد و بڕی گرێبەستە نوێیەكەشی 120 ملیۆن دۆلارە و بۆ ماوەی 4 ساڵ دەبێت.
رۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵ لە پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی رۆیشتنەكەی، رایگەیاندوە، ئێستا كاتی ئەوەیە قۆناغێكی نوێ لە ژیانی دەستپێبكات.
رۆناڵدۆ لە پەیامێكیدا نوسیویەتی “زۆر بیرم كردەوە، پێموایە ئێستا كاتی ئەوەیە قۆناغێكی نوێ لە ژیانم دەستپێبكەم، هەربۆیە داوام لە یانەكەم كرد رازی بێت بە رۆیشتنم”.
دەشڵێت “دەڕۆم، بەڵام ئەم درێسە و لۆگۆ و یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەشێك دەبن لە من بۆ هەر شوێنێك بچم”.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ سوپاسی تیمی راهێنەرایەتی و بەڕێوەبەران و یاریزانە هاوڕێكانی كرد و لە كۆتا دێڕیشیدا نوسیویەتی “بژی مەدرید”.
لە بەرانبەردا یانەی ریاڵ مەدرید دەڵێت “كریستیانۆ رۆناڵدۆ هەمیشە بە یەكێك لە سیمبولەكانی یانە گەورەكەمان دەمێنێتەوە و پێشەنگ دەبێت بۆ نەوەكانی داهاتو”.

Back to top button