داواکاری خۆپیشاندەرانی بەسرە جێبەجێنەکراوە و “مەترسی هەیە خۆپیشاندانه‌كان كۆنتڕۆل نه‌كرین و له‌ده‌ست ده‌رچن”

دوای ده‌ست پێكردنی خۆپیشاندان له‌ به‌رامبه‌ر خراپی خزمه‌ت گوزاریه‌كان و دروست بوونی پشێوی كه‌ سه‌رئه‌نجام بووه‌ هۆی كوژرانی خۆپیشانده‌ریێك, تاوەکو ئێستا داواکاری خۆپیشاندەرانی بەسرە جێبەجێنەکراوە و خۆپیشاندانەکانیش فراوانتر بوون. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دەڵێت، مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخەکە هەیە.

زەهرە حەمزە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاند، بەسرە بەدەست گرفتی نەبوونی ئاوی خورادنەوە، بەرزبوونەوەی رێژەی سوێری ئاو، كەمی كارەبا و بێكارییەوە دەناڵێنێ‌، بۆیە چەند رۆژێكە دانیشتووانی پارێزگاكە خۆپیشاندانیان دەستپێكردووە.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە گوتی “ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەم داواكاری خۆپیشاندەرانەوە نەچن، مەترسیش دەكرێت خۆپیشاندان فراوانتربێت‌ و لەكۆنترۆڵ دەربچێت”.

زەهرە حەمزە گوتیشی “كۆمەڵێك كۆمپانیای نەوت لە بەسرە كاردەكەن، بەڵام تەنها پیسبوونی ژینگە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، تێكچوونی شەقامەكان بەشی دانیشتووانی بەسرەیە، تەنانەت كرێكارەكانیشیان خەڵكی پارێزگاكانی دیكەن و نزیكەی 30 هەزار كرێكار لەو كۆمپانیایانە كاردەكەن هیچیان خەڵكی بەسرە نین، بۆیە مافی خۆیانە خۆپیشاندان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بكەن”.

لەبارەی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، زەهرە حەمزە رایگەیاند، لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان و پۆلیسی نەوت “بەشێوەیەكی هەڕەمەكی” تەقە لە خۆپیشاندەران كراوە، بۆ ئاشكراكردنی تەقەكەرانیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێندراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا دیارنییە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانن یان پۆلیسی نەوت.

بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە دوو کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، کە دەگوترێ سەرجەمیان هۆکارەکەیان تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان بووە.

Back to top button