گۆڕان: دوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی یه‌كێتی نیوه‌ی كورسیه‌كانی سلێمانی له‌ ده‌ست ده‌دات

 

دوای كۆتاییهاتنی هەژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی بەشێك لە سندوقەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە سلێمانی، ئەندامێكی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت “سەرەڕای تێبینیەكان دەنگەكانی یەكێتی 50% كەمیكردوە”.

بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە “سەرەڕای هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر پرۆسەكە هەبووە، ئەو ئەنجامانەی دەرچووە لە ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان، دەریدەخات لە پارێزگای سلێمانی ساختەكاری گەورە كراوە و بە بەڵگەش ئەوەمان لایە كە بە بەراوردی هەردوو پرۆسەكە جیاوازی هەیە”.
بەرپرسەكەی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كردوە “لە جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی ئەو سندوقانەی دیاری كرابون، دەنگی هەموو لایەنە ناڕازییەكان زۆر زیادی كردووە، لە بەرامبەردا دەنگی یەكێتی 50% دابەزینی بەخۆوەبینیوە, به‌مه‌ش نیوه‌ی كوردسیه‌كانی سلێمانی له‌ده‌ست ده‌دات”.
لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو، بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی بەشداری پرۆسەكە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەنگەكانیان رەتكردەوە و داوایان كرد دەنگەكان جارێكی تر بەدەستی جیابكرێتەوە.
ئەوان پێیانوابوو سیستمی ئەلیكترۆنی سندوقەكان هاككراون و ساختەكاری لە پرۆسەكەدا كراوە، بۆیە داواكاری سەرەكی ئەو لایەنانە هەژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بوو.
رۆژی 3ی ئەم مانگە هەژماردنی دەستی دەنگەكان لە كەركوك و شەش پارێزگای دیكەی عیراق دەستیپێكرد، رۆژی دووشەممەش لە شاری سلێمانی هەمان پرۆسە بۆ 188 سندوق دەستیپێكرد و ماوەی دوو رۆژی خایاند. هەر ئەنجامێكیش راگەیەندرابێت تائێستا، فەرمی نین و حزب و لایەنەكان یەكلایەنە بڵاویدەكەنەوە.

Back to top button