رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ:به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش له‌ عێراق پلانێكی تره‌مپ ئاسته‌نگی تێده‌كه‌وێت

رۆژنامه‌ی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ـی ئه‌مه‌ریكی له‌ راپۆرتیكیدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی رێكخراوی داعش كه‌ له‌كاتی شه‌ڕدا به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی بیابانه‌كان رایانكردووه‌، ئێستا په‌نایان بردۆته‌وه‌ به‌ر ئه‌و چه‌ك و جبه‌خانانه‌ی له‌ بیابانه‌كان شاردوویانه‌ته‌وه‌، به‌نیازن له‌ڕێگه‌ی شانه‌ نووستووه‌كانیانه‌وه‌ دووباره‌ هێرشی سه‌ر عێراق و سووریا بكه‌نه‌وه‌.
 
رۆژنامه‌ی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ـی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، به‌هۆی زیادبوونی هێرشه‌كانی داعش، پلانی تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته‌ ئاسته‌نگی تێكه‌وتووه‌، له‌كاتێكدا ساڵی رابردوو رێكخراوی داعش زۆربه‌ی رووبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی و زۆرترین ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی له‌ده‌ستدابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره‌كانی به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی بیابانه‌كان رایانكردووه‌ و، به‌ر له‌ كشانه‌وه‌یان له‌ مووسڵ و ره‌ققه‌، چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری توونێل و حه‌شارگه‌یان به‌درێژایی‌ بیابانه‌كانی نێوان سووریا و عێراق درووست كرد و، چه‌ندین شانه‌ی نووستووشیان له‌و ناوچانه‌ رێكخستووه‌.
 
هه‌ر به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ كه‌ داعش زۆر له‌وه‌ زیاتر ئاماده‌كاری بۆ شكسته‌ سه‌ربازییه‌كانی كردبوو، كه‌ ئه‌مه‌ریكا پێشبینیی ده‌كرد، هه‌روه‌ك ئه‌مه‌ مانای وایه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و ماوه‌یه‌ زیاتر له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه كه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ دیاریكردبوو، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌.
 
ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ نووسیویه‌تی، ئامانج له‌ به‌رهه‌ڵستیكردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ سووریا، له‌گه‌ڵ ئه‌وله‌ویاتی هێزه‌ ناوخۆییه‌كان یه‌كانگیر نین و دۆخی ئه‌و وڵاته‌ش ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.
Back to top button