ئه‌حمه‌د كانی :به‌ پۆسته‌كانی ڕابردوودا ده‌چینه‌وه‌

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریانداوە، لە پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ھاوڕابن، لە بەغداش پشت لە یەکتری نەکەن، بەڵام تا ئێستاش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستی پارێزگاری کەرکووك رێکنەکەوتوون،یەکێتی تایبەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، داوای ڕیكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كات .
 
ئەحمەد کانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند:”دۆخی ئێستای عێراق وا دەخوازێت، لەگەڵ یەکێتی پێكەوەبن و لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی پۆستەکان رەنگە رێكکەوتنی نوێ بکەن، لە بەرامبەردا ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە پۆستی پارێزگاری کەرکووك و پۆستی سەرۆک کۆمار ھیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە و نابێ تێکەڵبکرێن”.
 
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی ڕاشیگه‌یاند:”پێكەوە بوونی پارتی و یەكێتی بابەتێكی جەوھەرییە، لەسەر بابەتی پۆستەكان دەبێ بە رابردوودا دابچینەوە، پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار دەبێ بەرژەوه‌ندی گەلی كوردستان”.
 
لای خۆیه‌وه‌ ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: “پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆك كۆمار ھیچ پەیوەندییەكیان بە یەكەوە نییە، پارێزگاری كەركووك پشكی یەكێتی بوو، كە ئێستا كەسێكی دیكە لەشوێنی ئەو دانراوە، دەبوایە پارتی نەرمی بنوێنێ بۆ ئەوەی كەسێكی كورد لەو پۆستە دابنرێت. بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئێمە وەك یەكێتی داوا دەكەین بۆ كورد بێت، لە كوردیش پێویستی بە رێككەوتن ھەیە، بەتایبەتی لەنێوان یەكێتی و پارتی، بە دڵنیاییەوە لەسەری رێكدەكەوین”.
 
له‌ عێراقی نوێ پۆستی سەرۆک کۆمار، پشکی کورد بووە، لە ناو لایەنە کوردستانییەکانیش یەکێتی خاوەنی پۆستەکە بووە، بەڵام ئەمجارە بەشێك لە سەرکردە باڵاکانی پارتی پێیانوایە، نەخشەی سیاسی گۆڕاوە، مەرج نییە ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت، ھەندێك بەرپرسی یەکێتیش دەڵێن، دوای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەیان لەگەڵ پارتی، گۆڕانکاری لە بۆچوونی پارتی لەسەر پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بە یەکێتی ھاتووەتە ئاراوە.
Back to top button