60 ئۆتۆمبێلی پڕ چەكداری داعش لە سووریاوە گەیشتنە عێراق

 

دوای ئه‌وه‌ی داعش له‌ سنوری ناوچه‌ داگیركراوه‌كان, ده‌ستی به‌ جموجۆلكردۆته‌وه‌ چه‌ند چالاكیه‌كی تیرۆریستی ئه‌نجامداوه‌, به‌ر پرسێكی سه‌ربازی چه‌ند زانیاریه‌كی نهێنی له‌ باره‌ی جوله‌ی داعش و ژماره‌ی چه‌كدارانی بڵاوكردۆته‌وه‌, ده‌شلێت شه‌ست ئۆتۆمبێلی پڕ له‌ چه‌كداری داعش له‌ سوریاوه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ عێراق.

نەقیب سەعد مەرسوومی لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا گوتی، زانیاری ورد گەیشتووەتە ژووری ئۆپراسیۆنی سەربازی نەینەوا، كە باس لە هاتنی 60 ئۆتۆمبێلی پڕ چەكداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق دەكەن و بە دیاریكراویش لە نزیك شارۆكەی بەعاجەوە هاتوون.

زیاتر گوتی، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی داعش بە چەكی پێشكەوتوو و قورس بووە، ئامانجیانە كردەی تیرۆریستی فرەوان ئەنجام بدەن، هێزەكانی عێراقیش ترسی هاتنەوەی داعشیان زانیوە و لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

ئاماژەی دا، پلانی سەربازی وردمان داناوە و دەست بە هەڵمەتی سەربازی لەلایەن هێزەكانی عێراق بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لەو ناوچەیە دەكرێ و هەموو هەوڵەكانی تیرۆریستان لەبار دەبەین، گرنگیشە هێزی پشتیوانی زیاتر بۆ ناوچەكە بهێنرێ، تا بە تەواوی بەسەر هەڕەشەكانی تیرۆریستان زاڵ بین.

پێشتر ئەحمەد مەدلوول جەربا شێخی هۆزی شمەر دووپاتی كردەوە، كە مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014ی كەوتنی مووسڵ هەیە و داعش دووبارە هەوڵی داگیركردنەوەی شارەكە دەدا و لە بەعاج كۆبوونەتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێ.

Back to top button