یه‌په‌گه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی حه‌سه‌كه‌ی له‌ رۆژئاوای کوردستان رادەستی رژێمی سووریا كرد

 

دوای ئه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ شاری منبج پاشه‌كشه‌ی كرد, هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان پێکهێنەری سەرەکییەتی، ناوچەیەکی رادەستی رژێمی سووریا دەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 12/7/2018، میدیاکانی سەر بە رژێمی سووریا بڵاویان کردەوە، کە هەسەدە گەڕەکی نەشوەیان لە شاری حەسەکە، رادەستی سوپای رژێمی سووریا کردووەتەوە.
هەروەک ئەو میدیایانەی رژێمی سووریا باسی دەکەن، رادەستکردنەوەکە بەپێی رێککەوتنێکی هێزەکانی سەر بە پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ رژێمی سووریا، کە لە خاڵێکی رێککەوتنەکە سڕینەوەی هەموو دروشمەکانی هەسەدە، یەپەگە و پەکەکەیە لەسەر دیوارەکانی حەسەکە.
رۆژی 8/7/2018، رۆژنامەی (ئەلوەتەن)ی سەر بە رژێمی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، کە شاندیکی رژێمی سووریا سەردانی شاری قامیشلۆیان کردووە و بە نهێنی لەگەڵ یەپەگە رێککەوتوون لەسەر رادەستکردنەوەی نەوتی رۆژئاوای کوردستان بە رژێمی سووریا.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.

دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستانـەوە، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

Back to top button