خەسرۆ گۆران: ژماردنەوەی دەنگەکانی هەولێر کاریگەری لەسەر کورسییەکانی پارتی نابێت

دوای ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ نزیك به‌ سێسه‌د سندوقی ده‌نگدان له‌ هه‌ولێر, خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند،هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە هەولێر، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کورسییە بەدەستهاتووەکانی پارتی نابێت.

گوتیشی: “زۆر لە دەنگی ئاوارەكان ھەژمارنەكراوە، لەوبڕوایەدام لە هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی ئاوارەکان لە دهۆك کورسییەکی دیکە بەدەستبهێنین”.

سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، خەسرۆ گۆران گوتی: “پارتی ئامادەكاریەكانی كردووە و ناوی كاندیدەكانمان دیاركردووە و تا 25 ئەم مانگەش كات ماوە”.

ئاماژەی بەوەشدا: “پارتی بە مەرج بەشداری لە حکوومەتی داهاتووی عێراق دەکات، مەرجەکەش جێبەجێکردنی تەواوی ماددە و بڕگەکانی دەستوورە”.

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ران و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ ئه‌و سه‌ندووقانه‌ ده‌كات كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر هه‌یه‌. به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان له‌ هه‌ولێر ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ نزیكەی 220 سندووق دەکرێت، كە تانەیان لەسەرە.

Back to top button