دوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی دەنگی هەموو لیستەکان لە سلێمانی زیادیکردووە جگە لە یەکێتی

 

دوای كۆتا هاتنی هه‌ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ چه‌ند سندوقێكی ده‌نگدان, بەپێی ئەو لیستەی نوێنەری رێکخراوەکان بە حیزبەکانی داوە، دەردەکەوێت کە بەگشتی دەنگی ھەموو پارتەکان زیادی کردووە جگە لە دەنگەکانی یەکێتی
رووداو-سلێمانی

ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی سندووقە تانەلێدراوەکانی سلێمانی، بەرچاوی چوار پارتە نیگەرانەکەی روونکردووەتەوە کە چ کاردانەوەیەک بنوێنن. بەپێی ئەو لیستەی نوێنەری رێکخراوەکان بە حیزبەکانی داوە، دەردەکەوێت کە بەگشتی دەنگی ھەموو پارتەکان زیادی کردووە جگە لە دەنگەکانی یەکێتی، بەڵام ئەو دەنگانەش ناکاتە نرخی کورسییەک بۆ لایەنەکان.

رێبوار کەریم مەحموود، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی رایگەیاند: “لەھەندێک سندووق دەنگی ئێمە بەڕێژەی سەدا سەد، سەدا حەفتا و سەدا شەست زیادی کردووە، بەڵام ھێشتا ئەو سندووقانە ئەوانە نین کە ئێمە سکاڵامان لەسەر دابوون. بۆیە ئەو ئەنجامانە رەتدەکەینەوە و لەڕووی یاساییەوە کاری خۆمان دەکەین”.

رۆژی چوارشەممە، جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کۆدەنگی ھەڵوێستی بزووتنەوەکە کۆبووەوە و راسپاردەی خۆی بۆ جڤاتی نیشتمانی بەرزکردەوە، رۆژی پێنجشەمەش جڤاتی دووەم بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام ئەندامێکی جڤاتەکە پێشوەختە نیازی بزووتنەوەکە ئاشکرا دەکات.

عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند: “بەو جیاکردنەوەیە دەرکەوت کە یارییەکی گەورە بەدەنگەکان کراوە. بۆیە ئەم راستییە بۆ ھەموو جیهان و حیزبەکان دەرکەوت. ئێمە داوای ژماردنەوەی تەواوی دەنگەکان دەکەین و لە دادگاش سکاڵا تۆمار دەکەین”.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ژماردنەوەی تەواوی دەنگی پارێزگا دیاری کراوەکان کۆتایی نەیەت، کۆمیسیۆن ئەنجامەکان بە فەرمی ئاشکرا ناکات. هەروەها بەپێی ئەو داتایانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەگەر هەموو دەنگە زیادکراوەکانیش بۆ لیستەجیاجیاکان کۆبکرێنەوە ناکاتە نرخی کورسییەک.

Back to top button