نوسینگهی کۆمسیۆنی هەولێر: زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە
لهگهڵ نزیك بوونهوهی وادهی سازدانی ههلبژاردن بۆ پهرلهمانی كوردستان, فەرمانگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و ٧٦ ناوەند بۆ نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران لە پارێزگای هەولێر کرانەتەوە.
ئارام نەجمەدین بەرپرسی فەرمانگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامهوانیدا گوتی، ٧٦ بنکە لە سنوری هەولێر هەن کە ٣٦ بنکەیان لە ناوەندی هەولێرن بۆ نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران.
ئاماژەی بەوەش کرد، یەک ملیۆن و ١١٢ هەزار و ٣١٢ کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەولێر.
گوتیشی، نوێنەری لایەنەکان دەتوانن لە ناوەندەکانی نوێکردنەوە ئامادە بن و لەدوای ئەم مانگەوە هیچ هێز و لایەنێک بۆی نییە تانە لە تۆمارەکە بدات ئەگەر لەم مانگەدا نەهات.
ئەوەشی وت، تۆماری هەرێم لەوەی بەغدا جیاوازە و هەندێک جار دەنگدەر ناوی لە شوێنی پێشوو نییە بۆیە دەبێت ئاگادار بن.
ڕاشیگەیاند، هیچ کەس لە مادەی ١٤٠ ناتوانیت دەنگ بدات و هیچ کەسێکی مادەی ١٤٠ ناوی لە تۆمارەکەدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی سلێمانی کۆسمیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وت، لە پارێزگای سلێمانی ٨٤ بنکەی تۆماری دەنگدان دەکەنەوە و لە ئێستادا تەنیا ١٠ بنکەیان ماوە کارەکانیان تەواو بن.
ئەوەشی وت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاری دیکە لەبارەی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای سلێمانی و پرۆسەکە بە گشتی دەخەنە ڕوو.
هاوکات عەلی بەندی بەرپرسی فەرمانگەی کۆمسیۆنی دهۆک لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی، ٤٧ بنکەی تایبەت بە نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران لە سنوری پارێزگای دهۆک کراونەتەوە.
ئەوەشی وت، ٧٣١ هەزار کەس لە پارێزگای دهۆک مافی دەنگدانیان هەیە، ناوی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروی ٩٠ ساڵییەوەیە لە تۆماری دەنگدەران دەرهێنراون تا خویان بچن سەردانی بنکەکان بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنیش ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە.