پۆلیسی سلێمانی: لاهور رێگره‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌ك و ئۆتۆمبێلی جام ره‌ش

 

دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌مینه‌كان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یێندران بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگردتنی چه‌كی بێ‌ مۆله‌ت و ئۆتۆبێلی جام ره‌ش, به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ له‌ لایه‌ن دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی دژایه‌تیان ده‌كرێت, بەرپرسێکی پۆلیسی شارەکەش ئاشکرای دەکات کە لەلایەن کەسانێک کە سەر بە دەزگایەکی دیاریکراون، ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی،ڕیاگەیاند: “ئەو ھێزەی کە بۆ ڕێگریکردن لە ھەڵگرتنی چەکی بێ‌مۆڵەت و سەیارەی جامڕەش دامەزراوە، لە کارەکانی خۆیان بەردەوامن، چونکە ئێمە دەمانەوێ ڕێگری لە ھەڵگرتنی چەکی بێ‌مۆڵەت و سەیارەی جامڕەش بکەین، بێگومان، ئەگەر ئەو دیاردەیە کەم بکرێتەوە، حاڵەتەکانی کوشتن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تا ئێستا ڕووداوی قورس لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە ڕووی نەداوە کە چەکی بێ‌مۆڵەت، یان ئۆتۆمبێلی جامڕەشیان هەیە، بەڵام ”زۆر جار لەلایەن ئەو کەسانەی کە سەر بە دەزگایەکی دیاریکراون، ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە، دواجار ئێمە ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەمە بڕیارێکە و جێبەجێ دەکرێ و ھیچ کەسێکیش لەو بڕیارە نابوێرین”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکی لەناو ماڵەکانیاندا چەکیان ھەیە، بەڵام ئەوان هەوڵیان داوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بگەنە ئەنجامێک، تاوەکوو ئەو هاووڵاتییانەی چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە، لە بەرامبەر بڕێک پارە، ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی بکەن.

ئەمە لە کاتێک دایە کە شەوی سێشەممە ٩⁄٧⁄٢٠١٨ لە شاری چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ھێزێکی ئەمنی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئۆتۆمۆبێلی جامڕەش و چەکی بێ مۆڵەت و ماتۆڕسکیل لە چالاکیدا بوون، لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستڕێژی گوللەیان لێ کرا و بەو ھۆیەوە پێنج کارمەندی ئاسایش و سێ کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بریندار بوون.

جگە لەوەی هەر لە ماوەی ڕابردوودا ئەو هێزە ئەمنییەی بە مەبەستی گەڕان بەدوای چەکی بێ مۆڵەت پێکهێندراوە و بە هێزە ڕەشەکەی سلێمانی ناسراوە، دوای دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی جامڕەشی کەسانێکی سەر بە هێزێکی بنەماڵەی تاڵەبانی، لەلایەن ئەو هێزەوە چەک کران و لەژێر دیواردا ڕیزکران.

هێزە ڕەشەکە، بەو هێزەی شاری سلێمانی دەگوترێ کە بە مەبەستی دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی جامڕەش دروست کرا و لە هێزەکانی (پۆلیس، ئاسایش و چالاکییە مەدەنییەکان) پێک دێت.

Back to top button