سەرۆک بارزانی پەیامێکی هاوخەمیی بڵاوکردەوە
بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی ناسراوی کورد”مەلا ڕەشید قەرەنی زادە” سەرۆک بارزانی بروسکەیی هاوخەمیی بڵاوکردەوە.
لە بروسکەکەدا سەرۆک بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ كەسوكاری کۆچکردوو و خەڵکی شاری مەهاباد و زانایانی ئایینیی كوردستان ڕاگەیاندووە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی مامۆستا مەلا ڕەشید قەرەنی زادە كەسایەتیی ئایینی و كۆمەڵایەتیی و ئیمام جومعەی پێشووی شاری مەهابادمان پێ گەییشت.
خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا ڕەشید قەرەنی زادە دۆستێكی نزیكی ئێمە و، دڵسۆز و كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەر و خواناسی شاری مەهاباد بوو و لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەموومان. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری مامۆستا ڕەشید و خەڵكی خۆشەویستی شاری مەهاباد و زانایانی ئایینیی كوردستان دەكەم.
لەخودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
12ـی 7ـی 2018