توره‌یی شاری به‌سره‌ په‌ره‌ده‌سێنێت

خۆپیشاندان لە بەشێک لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش لە ئەنجامی تووندوتیژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، نزیکەی 260 کەس بوونەتە قوربانی، لەنێویشیاندا ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان هەیه‌.

نزیکەی 7 پارێزگای باشوور و ناوەڕاستی عێراق خۆپیشاندان تێیاندا بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانیش لە چەند رۆژی رابردوودا بەبیانووی پاراستنی ئەمنییەتی کارمەندانیان و بارەگا حکومییەکان چەکیان لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، کە ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

لە كاتێكدا ھاتووچۆ لە ھەریەك لە پارێزگاكانی بەسڕە و نەجەف و كەربەلا قەدەخەبوو، بەڵام خۆپیشاندان لەو پارێزگایانە و شارەكانی دەورووبەریان بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران دژبە كەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاوو و كارەبا لەسەر شەقامەكان كۆبوونەوە .

لە پارێزگاكانی بەسرە و موسەننا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا كردووە و ئاڵۆزی لەنێوان ھێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندا روویداوە، خۆپیشاندەران لەبه‌سره‌ وێنەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیان سووتاندووە، وەك تووڕەییەك بەرامبەر بەو دۆخەی لە عێراق دروست بووە.

لە شاری سەماوە بارەگای ھەریەك لە پارتەكانی فەزیلە و دەعوە و رێكخراوی بەدر و بارەگای تەلەفزیۆنی سەماوە سووتێندراون ، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە تەنها دوێنێ لە زیقار 50 خۆپیشاندەر بریندار بوونە و بە گشتی ریژەی برینداره‌كان گەیشتووەیە 150 كەس.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایه‌ بەهۆی نەبوونی متمانە له‌نێوان خۆپیشاندەران بە بەڵێنەکانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان پێناچێت خۆپیشاندانەکان هێندە بە ئاسانی کۆتاییان بێت، هۆشداریش دەدەن، لە ئەگەری بەدەنگەوەنەهاتنی حکومەت بۆ داواکاری خۆپیشاندەران، خۆپیشاندان تەواوی پارێزگاکانی عێراق بگرێتەوە.

پارێزگای بەسرە، کە یەکێکە لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی عێراق و بەشێکی زۆری نەوتی عێراق لەو پارێزگایە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بەڵام دانیشتوانەکەی بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن و ئێستا کێشەی بێ کارەبایی و ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای بەسرە سەری هەڵداوە.

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی پارێزگاش، رێژەی هەژاری لە بەسرە 50% یە و لەنێو ئەو رێژەیەشدا 500 هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان.

Back to top button