نەجیبە نەجیب: بەغدا 80 ترلیۆن دیناری هەرێم قەرزدارە

 

له‌دوای ئه‌وه‌ی كابینه‌ی پێشوتری حكومه‌تی عێراق موچه‌و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی, ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوەدەكات كە پێویستە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، لە دۆسیەی ئابوریدا كورد پێداگری لەسەر چەند خاڵێك بكات، لەوانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێتە هێڵی سور و پرسی بودجەی پێشمەرگە و دەرمانیش لەو دۆسیەدا گرنگی پێبدرێت.

نەجیبە نەجیب كە لە دوو خولی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران، لە لیژنەكانی دارایی و وەبەرهێنان ئەندام بووە، سەبارەت بەوەی پێویستە لایەنە كوردستانیەكان لە دۆسیەی ئابوریدا بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق رەچاوی چی بكەن گوتی: “لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2017 بڕی نزیكەی 80 ترلیۆن دینار لە شایستە داراییەكانی هەرێم لەسەر حكومەتی عێراق كەڵەكە بووە، قەرزەكەش بریتیە نەفەقاتی سیادی، نەفەقاتی حاكیمە و چەندین شایستەی تری دارایی كە پێویستە پێداگری بكرێت لەسەر وەرگرتنەوەیان”.

گوتیشی: “خاڵێكی تر پرسی موچە و بودجەی پێشمەرگە و پڕچەك كردنیانە، وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگری عێراق و دەبێت لە دانوستانەكاندا جەخت لە شایستە داراییە دەستوریەكانی ئەو هێزە بكرێتەوە”.

ئەو ئەندامەی دوو خولی رابردووی ئەندومەنی نوێنەران، پرسی موچە و دەرمان و پارەی گەنمی جوتیارانیشی بە چەند خاڵێكی تری گرنگ ناوبرد كە پێویستە لە دۆسیەی دارایی و ئابوری كورد بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بچەسپێنرێن و لەو رووەوە وتی: “پرسی گومركەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەردەوامی داخرانی رێگاكانی هەرێم لەگەڵ موسڵ و كەركوك زیانی بە ئابوری هەرێم گەیاندووە و پێویستە چارەسەر بكرێن”.

گەنمی جوتیارانیش یەكێكی تر لەو بڕگانەیە كە نەجیبە نەجیب بە پێویستی دەزانێت لە دۆسیەی ئابوریدا جێی بكرێتەوە و وەك ئەو وتی، “نزیكەی 600 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لە لای بەغدا ماوە، جیا لەوەش پرسێكی گرنگ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، كە هیچ دەقێكی دەستوری رێگە بە بەغدا نادات بیبڕێت، بۆیە پێویستە لە دانوستانەكانی داهاتوودا ئەو بابەتە بكرێتە هێڵی سور و هەروەك چۆن موچەخۆرانی بەغدا موچە وەردەگرن، پێویستە موچەخۆرانی هەرێمیش وەریبگرن”.

نەجیبە نەجیب پرسی دەرمان و پێداویستیە پزیشكیەكانیشی بە بیر هێنایەوە كە پێویستە لە دانوستانەكانی داهاتوودا جێیان بۆ بكرێتەوە و بەغدا پابەند بكرێت بۆ رەوانەكردنی دەرمان و ئامێر و كەرستەی پزیشكی بۆ هەرێم.

Back to top button