“دەرچووانی ناوچە داگیرکراوەکان، لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەردەگیرێن”
دوای داگیرکردنی بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بەهۆیی خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر، خەلکی ئەو ناوچە داگیرکراوانە ناتوانن ئازادانە هاتووچۆ بکەن، بۆیە گرفتی بەردەوامی خوێندنیان بۆ دروست دەبێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاوڵاتیانە، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، بڕیاردەدات لەسەر وەرگرتنی سەرجەم قوتابیانی دەرچووی كەركوك و ناوچە داگیرکراوەکان، بۆ ئەمساڵی خوێندن، لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم، بەهەمان كۆنمرەی وەرگیراوی قوتابیانی هەرێم.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم ڕایگەیاند “وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، گرنگی بە دەرچوانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەدات و چارەسەری كێشەكانیانی كردووە”، وتیشی “هەمان مافی قوتابیانی هەرێمیان دەبێت و بەهەمان مەرجیش لە زانكۆو پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێن”.
راشیگەیاند، تا ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، نزیكەی 5 هەزار قوتابی ناوچە كێشە لەسەرەكانی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەرگرتوە، بەمەبەستی هاندان و برەودان بەخوێندنی كوردی لەسەرجەم ئەو ناوچانە.