خانه‌قین داعش و میلیشیاكانی حه‌شدی شیعی پلانی پاكتاوكردنی كورد جێبه‌جێ ده‌كه‌ن

شێرکۆ تۆفێق کارگێڕی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە خانەقین ئاشکرای دەکات دۆخی ئەمنیی خانەقین دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر خراپ بووە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی پلانی دەرکردنی کوردیان لە شار و گوندەکان هەیە.
 
شێركۆ تۆفیق كارگێری لقی ١٥ی پارتی ڕایگه‌یاند”دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر مەلەفی ئەمنیی شاری خانەقین درایە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ئەوان ویستیان بە ترس و تۆقاندن کۆنترۆڵی شارەکە بکەن، لە کاتێکدا ٩٢٪ی دانیشتوانی شارەکە کوردن و لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیشدا ٩٦٪ی دەنگی (بەڵێ)ی درا و سەلمانیان کە شارەکە شارێکی کوردستانییە”.
 
كارگێره‌كه‌ی لقی ١٥ی پارتی له‌ خانه‌قین ڕاشیگه‌یاند: “ئێستا بارودۆخی ئەمنیی شارەکە زۆر ئاڵۆزە و تیرۆستان دەستیان بەسەر گوندەکانی دەوروبەری خانەقیندا گرتووە و شەوانە دەچنە سەر ماڵی هاووڵاتییان کورد و بەتایبەتی چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکانی سنوورەکەیان لا مەبەستە، دەتوانین بڵێن ئەوەش ڕێککەوتنێکە لە نێوان حەشدی شەعبی و چەند حزبێکی تورکمانی و چەند تەیارێکی میلیشیا شیعەکان، کە لە “کەرکووک، داقووق، خورماتوو، خانەقین، قەرەتەپە و جەبارە” دروست بووە، ئەو گوندانەی کە کوردیان تێدایە، یان کورد و تورکمانی تێدایە کوردەکان چۆڵیان بکەن و لە زێدی خۆیان دەریان بکەن”.
 
شیركۆ تۆفیق گوتی: “ئەوەی بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت، ئەوەیە ئەو تیرۆرستانەی کە شەڕی جەلەولا و سەعدییەیان دەکرد هەر ئەوانەن کە ئێستا دوو سرییەیان لە میلیشیاکانی حەشد وەرگرتووە و بە ناونیشانی حەشدەوە کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن”.
 
سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی ئاسایشی یه‌كێتی كه‌ پاراستنی سنوره‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ ، كارگێره‌كه‌ی لقی ١٥ی خانه‌قینی پارتی ده‌ڵێت: “ئێستا نە ئیدارە و دەسەلڵاتی پارێزگای دیالە لەگەل ئەو دەسەڵاتەی یەکێتییە نە میلیشیاکان کە هاتوونەتە ئەو ناوچەیە لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتیدان، ئەوان بە شێوەیەکی گشتی دەسەڵاتی کوردیان لە ناوچەکە کەم کردەوە”.
Back to top button