گۆڕان به‌ نیازه‌ به‌رله‌وه‌ی بچێته‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات

دۆخی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاڵۆزه‌ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرا بوو كه‌ كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا مانگانه‌ ٢٥٠هه‌زار دۆلار له‌ باڵی خیانه‌تكاری ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌رده‌گرن .
 
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، نایشارێتەوە ئێستا بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكە “لە قەیراندایە”. چارەنووسیشی بەستراوە بەوەی چۆن دەتوانن پێش ئەوەی بچنە نێو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، كێشەكە چارەسەر بكەن.
 
ئەندامه‌كەی جڤاتی نیشتیمانی دەڵێت: “ئەو پێنج خاڵەی جڤاتی نیشتمانی وەك چارەسەری كێشە نێوخۆییەكان رایگەیاندوون، هیچ بنەمایەكیان نییە و لە كۆبوونەوە قسەی لەسەر نەكراوە، لە دەرەوەی كۆبوونەوە هێنراون بۆ نێو راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، لە كۆبوونەوە تەنیا باسی هەڵبژاردن كرا”.
 
لە كۆبوونەوه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، گەورەترین بڕیارێك كە تێیدا درابێت، بەستنی دووەم كۆنگرەی نیشتمانی بزووتنەوەكەیە كە بەپێی زانیارییەكانی “خواكوڕك” دوای هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دەبەسترێ‌. ئەو بڕیارەش كاتێك درا كە بزووتنەوەی گۆران بێهیوا بووه‌ لە گێڕانەوەی عوسمانی حاجی مەحموود و قادری حاجی عەلی بۆ ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆران .
 
جموجۆڵه‌ی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ توڕه‌ بوونی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلاری مانگانە بە نهێنی لە یەکێتی، هەروەها تاپۆرکردنی سەرجەم موڵک و ماڵەکانی گۆڕان بەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، جگە لە پەیوەندییە تایبەتەکەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان لە سلێمانی، کێشەی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا درووست کردووە.
Back to top button