وه‌زیری ناوخۆی عێراق:ئه‌ركی ئیمه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌ پارێزگاری له‌ خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ بكه‌ین

ماوەی حەوت رۆژە خۆپیشاندانەکان لە باشووری عێراق بە هۆی نەبوونی هەلی کار و کەمی خزمەتگوزاری بەردەوامە، لە چەند رۆژی رابردووشدا، بەهۆی زیاد بوونی توندوتیژییەکان، چەندین کەس بوونەتە قوربانی.
 
به‌هۆی پێكدادانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران، تا ئێستا زیاتر له‌ 10 هاووڵاتی كوژراون، نزیكه‌ی 250 برینداریش له‌ ریزی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران هه‌یه‌.
 
لەكاتی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك برینداری ھێزە ئەمنییەكان كە بەھۆی پێكداھەڵپژان لەگەڵ خۆپێشاندەران برینداربوون، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند: ئەوانەی بە شێوەیەكی ئاشتیانە خۆپێشاندان دەكەن پێویستە پارێزگاریان لێبكەین، بەڵام ئەوانەی زیان بە موڵك و ماڵی گشتی و دامەزراوە حكومییەكان و كۆمپانیاكانی وەبەرھێنان دەگەیەنن، دەستگیر دەكرێن.
 
قاسم ئەعرەجی، گوتی: “ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندیمان بە ھیچ كێشەیەكی سیاسییەوە نییە، ئەركی ئێمە دیارە كە جێبەجێكردنی یاسا و پارێزگارییە لە سیستمی گشتی وڵات، ئەوانەی بە شێوەیەكی ئاشتیانە خۆپێشاندان دەكەن ئەركی ئێمە و ھێزە ئەمنییەكانی دیكەشە پارێزگاریان لێبكەین.
 
خۆپێشانده‌ران توڕه‌ن و داوای پێدانی مافه‌ سەرەتاییەكان و ژیانێكی شایسته‌ ده‌كه‌ن،هێزه‌ عێراقیه‌كانیش به‌ ئاگر و ئاسن رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام خۆپێشاندانه‌كان تادێت فراوانتر ده‌بن. به‌پێی زانیاری چەند سه‌رچاوه‌یەكی میدیاكان حكوومه‌تی عێراقی بیر له‌ راگه‌یاندنی باری له‌ناو ده‌كاته‌وه‌.
 
ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌هۆی خۆپێشاندانه‌كانه‌وه‌، حكوومه‌تی عێراق، باری له‌ناكاو له‌ عێراق رابگه‌یه‌نێت،بەڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ته‌مه‌نی یاسایی ته‌واو بووه‌، بۆیه‌ ناتوانێت له‌باره‌ی راگه‌یاندنی باری له‌ناكاو بڕیاربدات، ئێستا تەنھا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌توانێت بڕیارێكی لەوشێوەیە بدات.
Back to top button