یه‌كێتی به‌ رێكه‌وتن مانگانه‌ بری ٢٥٠ هه‌زار دۆلاری داوه‌ به‌ گۆران

جموجۆڵه‌ی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ توڕه‌ بوونی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلاری مانگانە بە نهێنی لە یەکێتی، هەروەها تاپۆرکردنی سەرجەم موڵک و ماڵەکانی گۆڕان بەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، جگە لە پەیوەندییە تایبەتەکەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان لە سلێمانی، کێشەی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا درووست کردووە و بەشێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەکە بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان ده‌رده‌بڕن .
 
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “یەکێتی تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی پارە بۆ ئێمە درووست دەکات، بەڵام ئێمە ھیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووە و باشترە پرسیار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ گۆڕان ھیچ بڕەپارەیەکی وەرگرتووە؟ ھەرچەندە بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان، پێویستە ھەموو حزبێک بڕە پارەیەکی دیاریکراو لە حکوومەت وەربگرێت، بۆیە ئەگەر ئێمە فلسێکمان وەرگرتبێت، بێگومان ئەوکاتە حکوومەت دەزانێ و ئەوکاتە بۆ ھەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە“.
 
ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان گووتی:”کاتی خۆی گۆڕان و یەکێتی لەسەر بڕە پارەیەک ڕێککەوتوون، خودی خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەو بڕە پارەیە کردووە.
 
خه‌لیل سه‌ركانی گوتیشی:“بەر لەوەی نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی بکات، ھەندێکجار یەکێتی بڕەپارەیەکی بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە یەکێتی ئەو بڕە پارەیەی بڕیووە، ھەرچەندە ئێمە کەناڵی ڕاگەیاندن و کارمەندمان ھەیە، خۆ کفر نییە ئێمە شتێک پارەمان ھەبێت، بۆ ئەوەی ئیشوکارەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی پێ بەڕێوەبەرین، لەکاتێکدا ئێمە وەکوو ئەوان نەوت و خاڵی سنووری و کۆمپانیای بازرگانیمان نییە، ئیتر نازانم بۆچی ئەوە لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان بەوشێوەیە گەورە کراوە“.
 
خەلیل سەرکانی دەڵێت: ”لەوکاتەوە یەکێتی ھیچ پارەیەکی پێ نەداوین، ئەوانەشی ئێستا باسی ئەوە دەکەن، کۆمەڵێک کەسی بێ ئیشوکارن، دواجار ئێستا یەکێتی بەدزینی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە ڕازی نابێت، چونکە ئێستا شوێنە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە ھەڵدەدەنەوە و دەیانەوێ تاڵانی بکەن“.
 
خەلیل سەرکانی، ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ده‌شلێت:”یەکێتی خۆی بەرپرسیارە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی و ئەوان لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا دەمانچە بەسەر قوتابی زانکۆ دابەش دەکەن، لەکاتێکدا دەبێ کۆمپیوتەر و ئامێری تەکنەلۆژیا بەسەر قوتابیان دابەش بکەن. گوتیشی: ”کاتی خۆی مەلا بەختیار، مەلەفی پارەی ژێرزەمینەکانی ھەڵدایەوە، بەڵام ئەو پارەیەی یەکێتی بردوویەتی، لە پارەی ژێرزەمینەکان زیاترە و پێویستە خودی مەلا بەختیار قسە لەسەر ئەو ژێرزەمینانە بکات“.
 
بزوتنەوەی گۆڕان لە چەقی بوون بە ناوەندی سیاسیەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پەڕی بێ توانای، بەجۆرێک ئێستا ناتوانێت بڕیارەکانی ناخۆی بزوتنەوەکەی یەکلای بکاتەوە نەوەک ببێت بە مەرجەعێک بۆ پرس و ڕاپێکردن .
 
Back to top button