عەبادی سێ وەزیری دوور خستەوە

دوای ئەوەی خۆپیشاندان چەند شارێکی گرتەوە کە بەهۆیی خراپی خزمەتگوزاریەکان تادێت خۆپیشاندانەکان پەرەدەسێنێت، لەژێر فشارەکان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە كابینەی حكوومەتەكەیدا دەكات و هەرسێ وەزیری كارەبا و تەندروستی و گواستنەوە دەنێرێتە ماڵەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی (فورات نیوز)ی عێراقی، عەبادی هەریەك لە كازم حەمامی وەزیری گواستنەوە، قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا و عەدیلە حەمود وەزیری تەندروستی بەشێوەیەكی كاتی لەسەر ئەركەكانیان لادەدات.

سەرۆك وەزیرانی عێراقی، وەك ڕێگەچارەیەكی بەپەلە بۆ دامركاندنەوەی خۆپێشاندانە بەرفرەوانەكانی باشووری عێراق، چەند ناوێكی بۆ بەڕێكردنی كاروبارەكانی وەزارەتەكانی تەندروستی و گواستنەوە و كارەبا و چەند پۆستێكی تری دەزگای جێبەجێكاری دەوڵەت دەستنیشان كردووە.

هەروەها بڕیاریش دراوە بەرپرسە ئیدارییەكانی دەزگای جێبەجێكردنی دەوڵەت لە پارێزگاكانی واست و باشووری عێراق بگۆڕدرێن، ئەمەش دوای شكستهێنانیان لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان و دابینكردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان بۆ هاووڵاتیانی خۆیان.

 

نزیكەی نۆ ڕۆژە خۆپێشاندانێكی ناڕەزایی بەرفرەوان پارێزگای بەسرا و ژمارەیەكی بەرچاوی پارێزگاكانی تری باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە، كە داواكاری سەرەكیان دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و هەلی كارە، بەڵام هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەئاگر و ئاسن ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، تا ئێستە زیاتر لە 20 هاووڵاتی ناڕازی كوژراون، دەیانی تر بریندار و دەستگیر كراون

Back to top button