نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ژاپۆن پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند

 

له‌میانی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان ( نێچیرڤان بارزانی) له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند”رۆژە سەختەکان خەریکە تێدەپەڕن و ئاسۆیەکی روونتر و ئاییندەیەکی گەشتر لەپێش هەرێمی کوردستانە، هه‌روه‌ها راشی گه‌یاند”سوپاسی حکومەتی ژاپۆن دەکەین، کە لە چوارچێوەی بەرنامەی قەرزەکانیاندا بۆ عێراق، لە بەشی هەرێمی کوردستان ئەم پرۆژەیەیان بۆ دامەزراندنی سەنتەری مەشق و پەرەپێدان بۆ وەزارەتی کارەبا و پرۆژەی بونیادنانەوەی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە”.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها راشی گه‌یاند”ئەمە جاری یەکەم نییە حکومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایکا هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەوان پێشتریش چەندین پرۆژەی دیکەیان لە بوارە جیاجیاکاندا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، خۆشەویستی و رێز و پێزانینمان بۆ دۆستایەتی و کار و بەرنامەکانی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، دووبارە سوپاستان دەکەین و دەستخۆشیتان لێدەکەین، هیوادارین لە هاوکاری و پشتگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بن”.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی گوتیشی” حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای هەموو سەختییەکان هەمیشە ئیرادەی هەبووە بۆ چاکسازی و پیشانیداوە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا بەردەوامە و بەردەوام دەبێت. کردنەوەی ئەو سەنتەرەش بۆ مەشق و پەرەپێدانی توانای مرۆیی و پیشەیی و زانستی بۆ کادران و کارمەندانی وەزارەتی کارەبا، بەشێکە لەو چاکسازییانە، لەسەر بنەمای ئەو بڕوایە دێت بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو بوارەکاندا پێشبکەوین و پەرە بە هەموو کەرتەکانی ژیان و خزمەتگوزاری بدەین. دەبێت سەرەتا بۆ ئەو مەبەستە گرنگی بە توانای مرۆیی و پێشخستن و پەرەپێدانی ئەو توانایە لە هەموو بوارەکانەوە بدەین، چونکە پەرەپێدانی تواناکان گرنگترین بەشی پێشکەوتنە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.

نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی ئابلوقه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌شلێـ”ئەو دۆخەی زیاتر لە چوار ساڵی رابردوو بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنرا، هەر لە بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئەوسای عێراق و، تا شەڕی داعش و هاتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، وێڕای کێشە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموویان بوونە رێگر لەبەردەم بەشێکی زۆری ئەو پلان و بەرنامانەی بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی ژیان و هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری لەلایەن حکومەتی هەێمی کوردستانەوە دانرابوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خواستی حکومەت و خەڵکی کوردستان بۆ پێشکەوتن و ژیانێکی باشتر، وەکو خۆی مایەوە.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی” حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەختترین رۆژەکانیشدا تا ئەو شوێنەی پێیکراوە و رێی تێچووە، لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی بەردەوام بووە. ئێمە ئەوە باش دەزانین، کە ناکۆکییە سیاسییەکان هەمیشە بوونەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی چاکسازی و ئەو هەوڵە بەردەوامانەی حکومەت بۆ چاکسازی رووبەڕووی تانە و لێدوان و قسە سیاسییانەی دوور لە راستی ببنەوە و، رکابەری و ناکۆییە سیاسیییەکان هەمیشە هەوڵی شێواندنی بەرنامەی چاکسازی حکومەتیان داوە، بەڵام حکومەت هەرگیز گوێی نەداوەتە ئەو شەڕە سیاسی و میدیاییەی بەرامبەری دەکرێت و، هەمیشە لە پرۆسە و بەرنامەکانی بەردەوام دەبێت، هه‌روها ده‌شلێـ”هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و نەوت، بوارەکانی کارگێڕی و بە تایبەتیش کارگێڕی دارایی، لە پێداچوونەوە بە لیستەکانی کارمەندان و مووچەخۆران و تۆماری بایۆمەتری و لە کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا و کەمکردنەوەی خەرجی بەکاربردن و زۆر بواری دیکە، بەپێی ستانداردی جیهانییەکان هەنگاوەکانی دیارە.

گوتیشی “بەڵێ، ئەو هەموو بەڵا و کێشانەی لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتن و بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان گرت، بەڵا و کێشەی ئەوەندە زاڵ و زل و گەورەبوون، کە بڕوای زۆربەی زۆری چاودێران، تەنانەت دۆست و ناحەزانیش ئەوبوو: حکومەت ناتوانێت بەرگە بگرێت و دەڕووخێت. بەڵام ئەوەی روویدا ئەوەبوو: بە پشتگیری و خۆڕاگری و جوامێری خەڵکی کوردستان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، هەرێمی کوردستان مایەوە، حکومەت بەرگەی هەموو نەهامەتی و سەختییەکانی گرت و هەنگاو بە هەنگاو بە چاکسازی و وەرگرتنی پەند لە ئەزموونەکان، رۆژە سەختەکان تێدەپەڕێنێت، زیاتری گوتی” دوای ئاڵۆزی و رووداوەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو، هەوڵێکی زۆر درا هەرێمی کوردستان گۆشەگیر بکرێت، تەنانەت هەوڵی سڕینەوەشی دراوە، بەڵام هەرێمی کورستان بە خۆڕاگری خەڵک و بە هەوڵی بەردەوامی حکومەت رووبەڕووی هەموو سەختی و مەترسییەکان بووەوە، شوێن و پێگەی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهانیش وەرگرتەوە”.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”ئەمڕۆش کە هەموومان پێکەوە لێرەین بۆ کردنەوەی سەنتەری مۆدێرن و پێشکەوتووی دەوڵەمەند بە ئامێر و پێداویستی زانستی و تاقیگەی تازە، بە هۆڵ و ساڵۆنی تایبەت لەپێناو پەرەپێدانی توانای مرۆیی و پیشەیی و زانستی کارمەندانی وەزارەت، ئەمەش بەرهەمی ئەو جددیەت و ئەو بڕیارانەیە کە بۆ چاکسازی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە رۆژە سەختەکاندا دراوە، بڕوای پێی هەیە و لە هەموو دۆخێکدا لەسەر ئەم چاکسازییانە بەردەوام دەبێت، هیوادارم ئەم سەنتەرە نەک هەر بۆ کادران و کارمەندانی وەزارەتی کارەبا، بەڵکو بۆ هەموو وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت و لایەن و رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیش سوودی هەبێت و، هەموو بتوانن بۆ خولی فێربوون و راهێنان و وۆرکشۆپ و تاقیکردنەوە بۆ هەر چالاکییەک کە بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی و زانستی و پسپۆری کادران و کارمەندانی حکومەت بێت، سوودی لێ ببینن، زیاتر گوتی” هیوادارم ئەنجامی خول و راهێنان و تاقیکردنەوەی ئەم سەنتەرە رۆڵێکی باشی لە بەڕێوەبردنی باشتر و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ناپێویستی کارەبادا هەبێت، هاوشانی ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنیە تازەیە کە چاوەڕوان دەکرێت لە دابەشکردنی کارەبادا جێبەجێ بکرێت، ببێتە یارمەتیدەر و رێخۆشکەرێک بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”من لێرەوە دووبارە دەستخۆشی لە وەزارەتی کارەبا، لە بەڕێزان دکتۆر ئاشتی هەورامی، وەزیری کارەبا بە وەکالەت و هۆگر شاڵی، بریکاری وەزارەت و کارمەندانی وەزارەت، لە ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی (جایکا) و کۆمپانیای (لۆرد هارد)ی ئەڵمانی و (UNDP) و هەموو ئەوانە دەکەم، کە رۆڵیان هەبوو لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.

نێچیرڤان بارزانی هیوای خۆی ئاشكرا كرد له‌مه‌ر تێپه‌راندنی رۆژه‌ سه‌خته‌كان و رایگه‌یاند”رۆژە سەختەکان خەریکە تێدەپەڕن و ئاسۆیەکی روونتر و ئاییندەیەکی گەشتر لەپێش هەرێمی کوردستانە، بە خۆڕاگری کوردستانییان و بەکار و هەوڵی بەردەوامی حکومەت بۆ چاکسازی، بەرەو ژیانێکی باشتر هەنگاو دەنێین. هەر لێرەشەوە دووبارە داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەم کە تەبا و یەکڕیز بن بە بەرنامەیەکی هاوبەشی کوردستانیانەوە بەشداری گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بکەن، ئامانجی سەرەکیمان بەدیهێنانی شەراکەتێکی راستەقینەیە لە عێراق و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە، هه‌روه‌ها گوتی” لە کۆتاییدا سڵاو بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدانی پێشمەرگە دەنێرین کە لەم رۆژانەی دواییدا لە هەڵمەتی پاککردنەوەی چەند مۆڵگەیەکی تیرۆریستان شەهید بوون، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازم.

له‌ كۆتایش دا سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌روه‌ها گوتیشی”سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو شەهیدانەی لە رێگەی بەرگری لە کوردستاندا شەهید بوون، ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بۆ هەر هەماهەنگییەک لەگەڵ عێراق ئامادەین و، هیوادارین هاوپەیمانی نێودەوڵەتییش لە هاوکارییەکانیان بۆ عێراق و کوردستان بەردەوام بن.

Back to top button