شێخ جەعفەر: گۆڕان میدیایەکی درۆزنی هەیە.
دوای ئەوەی میدیاکانی گۆڕان بڵاویانکردەوە کە ژمارەیەک ئەفسەری هێزەکانی ٧٠ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی دەنگدان بە بزووتنەوەی گۆڕان لە کارەکانیان دەرکراون، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات بەرپرسی یەکەی (٧٠)ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا لە میدیای گۆڕان دەکات و بە میدیایەکی ”درۆزن“ ناوی دەبات.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی (٧٠)ی ھێزی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ھیچ بەرپرس و فەرماندەیەکی ھێزەکانی ٧٠ بەھۆی دەنگدان بە گۆڕان دەرنەکراوە، بەڵکوو گۆڕانکاری لە یەکەکانی ھێزەکانی ٧٠ کراوە، بۆیە ئەوەی کەناڵی (KNN) بڵاوی کردووەتەوە درۆیەکی شاخدارە و دروورە لە ڕاستییەوە“.
بە بڕوای شێخ جەعفەر، کەناڵەکەی گۆڕان ”بۆ خۆڵکردنەوە چاوی خەڵکی“ ئەو جۆرە ھەواڵانە بڵاو دەکاتەوە، ”ئەگینا ھیچ کەسێک لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بۆچوونی سیاسی دەرنەکراوە“. گوتیشی: ”بێگومان ئەو کەناڵە ئامانجی ئەوەیە بەھۆی ئەو ھەواڵانەوە شکۆی ھێزی پێشمەرگە لەکەدار بکات، بەڵام شکۆی پێشمەرگە ھێندە بەھێزە کە ھەرگیز شکۆی بە درۆ و بوختانی ئەو کەناڵە لەکەدار ناکرێت“.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەیشاردەوە کە هەندێکجار ”موراعاتی KNN“یان کردووە، بەڵام: ”ئەگەر بەردەوام ھەواڵی بێ بنەما لەسەر ھێزی پێشمەرگە بڵاو بکەنەوە، ئەوکاتە قەبوڵی ناکەین و ناچارین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین، تاوەکوو لەڕێگەی یاساوە چیتر ڕێگە نەدەین ھیچ لایەنێکی سیاسی، سووکایەتی بە ھێزی پێشمەرگە بکات“.
دووپاتیشی کردەوە کە ”ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ ھەیە، دەستکەوتی شەھیدە سەربەرزەکانی ھێزی پێشمەرگەیە، بەڵام بەداخەوە ئەوان زۆر بە شێوەیەکی نابەرپرسانە باسی ئەو شەھید و بریندار و فەرماندانە دەکەن کە ئەوان و کوردستانیان پاراستووە