په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: گۆڕان هه‌ركێشه‌یه‌كی ناوخۆیی هه‌بێت میدیا هه‌قی نیه‌ باسی بكات

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند میدیایه‌ك ئاشكرا كرا كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كێشه‌ی گه‌وره‌ی به‌رێوه‌بردنی هه‌یه‌, ئێستا زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی له‌یه‌ك دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌ ته‌نانه‌ت چه‌ند ئه‌ندامێكی خانه‌ی راپه‌ڕاندن زیاتر له‌ دوو مانگه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كه‌یان نابن, ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ریزێك ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ له‌ ریزه‌كانی گۆڕان, په‌رله‌مانتارێكیش ده‌لێت:” میدیا بۆی نیه‌ باسی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی گۆڕان بكات”.

 

بەھار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “کێشەکانی ئێمە گەورە نییە و جیاوازییەکی لاوەکییە لەسەر بۆچوونی جیاواز، بێگومان ئەوەش شتێکی ئاساییە و بەزوویی چارەسەری دەکەین، دواجار ئەو کێشانە پەیوەندی بە ناوخۆی گۆڕانەوە ھەیە و ناکرێ لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی بکەین، بەڵکو ھەوڵی ئەوە دەدەین لە کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی کێشەکان چارەسەر بکەین“. بەڵام ئەوەی ڕوون نەکردەوە کە ئاخۆ کێشە لەگەڵ ئەو سەرکردانەی کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی جڤات نابن، چۆن چارەسەر دەکەن؟

 

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو، کە کێشەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، “بە بەراورد بە کێشەی حزبەکانی دیکە، کێشەی بچووکە” و دەڵێت: “ئێمە بەقەدەر یەکێتی کێشەی ناوخۆییمان نییە و چارەسەری ئەو کێشانە دەکەین، چونکە بەهۆی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانەوە ناچاربووین کۆنفرانس دوابخەین، بەڵام دوای ھەڵبژاردنەکان، کۆنفرانس و کۆنگرە دەبەستین“.

دەربارەی ئەوەی لە ئەگەری بەستنی کۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی، دەکرێتەوە بە ڕێکخەری گشتی، بەهار مەحموود، پەرلەمانتاری گۆڕان, جەختی لەوە کردەوە، کە لە کۆنگرەدا ڕێکخەری گشتی دیاری ناکەن، چونکە “ئێمە حزبێکی تەقلیدی نین، بەڵام ئەگەر بیانەوێ لە کۆنگرەدا دەستکاریی دەستووری بزووتنەوەکەمان دەکەین، دواتر ھەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی ئەنجام دەدەن”. گوتیشی: ”تائێستاش ڕوون نییە کێ ئەو پۆستە وەردەگرێت، چونکە ھەموو کەسێک ئەگەر مەرجەکانی تێدابێت، دەتوانێ ئەو پۆستە وەربگرێت“.

ماوەیەکە، بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ژمارەیەکی زۆر کادیر و هەڵسووڕاوی گۆڕان، نیگەران و ناڕازین و پێشتریش عومەری حاجی عینایەت، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاندبوو کە ئەگەر گۆڕان کێشەکانی چارەسەر نەکات، ئەوا “کێشەکانی یەکێتی لەچاو کێشەکانی گۆڕان، تەنیا هەڵامەتێکە”، وەک ئاماژەیەک بۆ گەورەیی کێشەکانی نێو بزووتنەوەکەی.

Back to top button