عه‌مید سه‌رحه‌د: هۆشداری ده‌دات له‌ تێكچوونی دۆخی كه‌ركووك

 

دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاری كه‌ركووكی هه‌ژاند, ته‌قینه‌وه‌كان به‌ شتێكی ئاسایی نابینم و ئه‌مه‌ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كه‌، چه‌كدارانی داعش خۆیان رێكخستوه‌ته‌وه‌ و ئه‌م كرده‌وانه‌ سه‌ره‌تایه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ رێگه‌ی شانه‌ نوستوه‌كانیه‌وه‌ دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك زیاتر تێكبده‌ن

هه‌رچه‌ند جه‌واد كازم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لیستی عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به‌و زنجیره‌ ته‌قینه‌وانه‌ی شه‌وی چوارشه‌ممه‌ له‌و شاره‌ روویاندا گوتی: “شانه‌ نوستووه‌كانی داعش بونیان هه‌یه‌، هه‌لی كه‌می هێزه‌كانیان له‌ كه‌ركوكدا قۆستۆته‌وه‌، ئه‌و دزه‌كردنه‌ له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهاندا هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ له‌ فه‌ره‌نسا ئه‌و دزه‌كردنانه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش شتێكی ئاساییه‌ و له‌ نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ به‌غدا و نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی له‌ كه‌ركوكدا كه‌ له‌ رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوه‌وه‌ تائێستا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆبونه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ و رۆڵی چاودێری و سه‌رپه‌رشتی خۆی نه‌بینیوه‌ له‌ پارێزگاكه‌دا، بۆیه‌ پێموایه‌ شانه‌ی نوستوی داعش ئه‌و دۆخه‌یان قۆستۆته‌وه‌ و ئامانجه‌كانیشیان دیار بوو، كه‌ به‌ ئامانجگرتنی كه‌سانی بێ تاوان بوه‌، كه‌ له‌ چێشتخانه‌ دانیشتبون یاخود له‌ بازاڕ و شوێنه‌كانی كاتبه‌سه‌ربردن بوون”.
له‌ به‌رامبه‌ردا عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركوك گوتی: “ئه‌گه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌ ته‌نها له‌ شوێنێك بوایه‌، ئاسایی بوو ده‌توانرا باس له‌وه‌بكرێت كه‌ شانه‌ نوستوه‌كانی داعش پاش ماوه‌یه‌ك زۆر توانیویانه‌ بۆمبێك بته‌قێننه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ كاتژمێرێكدا حه‌وت ته‌قینه‌وه‌یان كردبێت، ئه‌مه‌ ئاسایی بوونی له‌ كوێدایه‌؟”.
گوتیشی: “ئه‌مه‌ به‌ شتێكی ئاسایی نابینم و ئه‌مه‌ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كه‌، چه‌كدارانی داعش خۆیان رێكخستوه‌ته‌وه‌ و ئه‌م كرده‌وانه‌ سه‌ره‌تایه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ رێگه‌ی شانه‌ نوستوه‌كانیه‌وه‌ دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك زیاتر تێكبده‌ن و ته‌قینه‌وه‌ی زیاتر ئه‌نجام بده‌ن”.

Back to top button