به‌رپرسێكی پارتی: له‌ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پارتی زیاتر لە 38 کورسی دەھێنین

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان, سه‌روبه‌ندی جێگیركردنی ناوی كاندیدان, بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە ‌دەنگەکانی پارتیبەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 38 کورسی دەھێنین.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە،ڕایگەیاند: “ھەرچەندە ڕێکارەکانی کۆمسیۆن تەواو نەبووە، بەڵام ئێستا ‌لە قۆناغی تەواوکردن و ناردنی ناوی کاندیدەکانی خۆمانین بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بێگومان بەپێی ئەو ماوەیەی کە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دایناوە پێویستە 25/7 لیستی ناوی کاندیدەکانمان ئاڕاستەی کۆمسیۆن بکەن، ئێستاش لەقۆناغی جێگریکردنی ناوی کاندیدەکانین“.

بەرپرسەکەی لقی ھەڵەبجەی پارتی، ئەوەشی روون کردەوە، کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خۆی لە یەک بازنە دەبینێتەوە و ھیچ پارێزگایەک بە جیا بازنەیەکی دیاری کراوی نییە،‌ دواجار ھەموو حزبێکی سیاسی مافی ئەوەی ھەیە بۆ ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان 100 کاندیدی ھەبێت، بۆیە لەو 100 کاندیدەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسنووری لقی 12 تەنھا چوارکاندیدیان ھەیە، بەڵام کاندیدی دیکە ھەیە خەڵکی دەڤەرەی ھەڵەبجەن، بەڵام لە لقەکانی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیان کاندید کردووە و لەناو لیستە 100 کەسییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان جێگیر کراون.

جەختی لەوەش کردەوە، کە چاوەڕێی ئەوە دەکەن، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان وادەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنێت، ئەوکاتە ھەڵمەتەکەی خۆیان دەست پێدەکەن، گوتیشی: ”ھەروەھا ڕێکخستن و ئۆرگانەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ ھاوکاریکردنی تەواوی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان“.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ھەڵەبجەی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە ‌پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، 38 کورسی بەدەست ھێناوە، بەڵام بەپێی ئەو ڕاپرسییانەی کە دەکرێن، چاوەڕێی ئەوە دەکەین، زیاتر لە 38 کورسی بەدەست بھێنین، دەشڵێت: ”گەشبینم بەوەی ژمارەی دەنگەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لەچاو ئەو دەنگانەی لە ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراقدا لە سنوورەکەمان بەدەستمان ھێناوە“‌.

Back to top button