گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی گوته‌بێژه‌كه‌ی یه‌كێتی دایه‌وه‌

پاش ئەوەی سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە میدیایەکی نزیک لە باڵێکی حزبەکەی خۆی ڕاگەیاندبوو کە پارتی پۆستی سەرۆک و جێگری داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستانی بەسەر خۆیدا دابەش کردووە و ئەوەش قابیلی قەبوڵکردن نییە.

لای خۆیه‌وه‌ مەحموود محەمەد گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ”لەبارەی پۆستی داواکاری گشتییەوە دوای ئەوەی کە دادوەر سازگار عەلی ناجی خانەنشین کرا، دادوەر جەواد، بەوەکالەت ئەو پۆستەی بەڕێوە بردووە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی لەم دواییەدا کرا، لەسەر پاڵێوراوی حزبی نەبووە، بەڵکو بەگوێرەی ڕێکارە یاساییەکان بووە“.

مه‌حمود محه‌مه‌د ده‌ڵێت :” گۆڕانکارییەکان کە بەگوێرەی ڕێکاری یاسایی و ئیداری کراوە،نەک پارتی بەسەر خۆیدا دابەشی کردبێت”.

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌شڵێت: پۆستی سەرۆک و جێگری داواکاری گشتیی ھەولێر ھاوشێوەی پرسی سەرۆک و جێگری داوکاری گشتیی پارێزگای سلێمانییە وه‌ك چۆن له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ڕیوه‌براوه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌ڕێوه‌ ده‌برێت ،ئەو دادوەرانەی دادەنرێن، تاقیکردنەوەیان پێ دەکرێت و بە پێی ڕێکارە یاسایییەکان کە بۆیان دانراوە، کراوە.

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گووتیشی : ”وەک پارتی، ھیچ پاڵێوراوێکمان نەبووە بۆ ئەوەی کەسێک بکەینە سەرۆکی ئەو فەرمانگەیە“.

Back to top button