ئه‌مریكا پشتگیری له‌ خۆپیشانده‌رانی عێراق ده‌كات

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هێزه‌ر ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ر‌یكا له‌وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند: “ئێمه‌ پشتگیری له‌ مافی خه‌ڵك بۆ سازكردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ ده‌كه‌ین”.

هێزه‌ر ناوێرت گوتیشی: “بێگومان ئێمه‌ له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین كه‌ بڕینی كاره‌با و نه‌بوونی سووته‌مه‌نی دۆخی سه‌خت بۆ خه‌ڵكی درووست ده‌كه‌ن”.

له‌به‌رده‌وامی قسه‌كانیداگوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ر‌یكا ڕاشیگه‌یاند:”حكوومه‌تی عێراقی گوتبووی مافی هاووڵاتیان له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا له‌به‌رچاو ده‌گرێت و دووپاتیكردبووه‌وه‌، كه‌ هه‌وڵی زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردن و جێبه‌جێكردنی كێشه‌ و داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران ده‌دات، له‌وانه‌ش چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی كاره‌با و كردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار”.

ماوه‌ی نزیكه‌ی 10 رۆژه‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی گرتۆته‌وه‌ و تائێستا نه‌ شه‌قام ساردبووه‌ته‌وه‌، نه‌ حكومه‌تیش داواكارییه‌كانی جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌وه‌ی كراویشه‌ ته‌نیا بڕیاره‌ و هیچ به‌ڵێنێكی حكوومه‌تی عێراق بۆ داواكاری خۆپیشاندانه‌كان‌ نه‌كه‌وتۆته‌ بواری جێبه‌جێكردن.

Back to top button