حه‌شدی شه‌عبی و داعش بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر كاكه‌ییه‌كان

کوردانی کاکەیی لە نێوان داعش و حەشدی شەعبیدا بوونەتە قوربانی و لە لایەک حەشد دەیەوێت بەزۆر چەکیان بکات و لە لایەکی دیکەوە شەوانە داعش ھەڵدەکۆتێتە سەریان. چالاکێکی کوردی کاکەیی دەڵێ، خەریکە ناوچەکە چۆڵ دەبێت لە کاکەیی و بە ھەموو لایەک ھەر زوڵم لە کاکەیی دەکەن.

جەلیل کاکەیی، چالاکی مەدەنیی کاکەییەکان ڕایگه‌یاند: “کوردانی کاکەیی زۆربەیان دە کەونە سنووری دەوروبەری کەرکووک و نێو سەنتەری شاری کەرکووک، بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگە لەو سنوورانە، کاکەیی بوونەتە ئامانجی حکوومەتی عێراق و گرووپی تیرۆریستیی داعش، چونکە لە لایەک داعش دەستی بە جووڵە کردووە لە سنووری گوندەکانی کاکەیی و لە لایەکی دیکەوە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵ زولمیان لێ دەکەن، واتە ئێمەی کوردانی کاکەیی قوربانیی دەستی ھەردوولاین.”

جه‌لیل كاكه‌یی ڕاشیگه‌یاند : “لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی سێسەد خێزانی کوردی کاکەیی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی دیکەش ئاوارەی نێو شاری کەرکووک بوونە، چونکە داعش ھەڕەشەیەکی زۆری بۆ سەر کوردانی کاکەیی دروست کردوە.”

جه‌لیل كاكه‌یی له‌ كۆتایی دا گوتیشی: “داعش ھێزی نەماوە بۆ ھێرشکردن، تەنیا وەک مەفرزەی پارتیزانی ناوە ناوە دەردەکەوێت و ھەڵکوتانە سەر گوندی کاکەیی بووەتە دیاردە. لە لایەک ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی کوردانی کاکەیی و ھەرچی چەک و تەقەمەنییە لێیان وەردەگرن، دواتر داعش دێت، دەی ھاووڵاتیانی کاکەیی بەچی بەرگری لە خۆیان بکەن، ئێستا گوند ھەیە تەنیا سێ ماڵی تێدا ماوە، خەریکە ناوچەکە بۆ عەرەب و حەشد بەجێ دەمینێ.”

دوای خیانەتی باڵی ناپاکەکانی گروپی١٦ی ئۆکتۆبەرەوە حەشدی شەعبی چەندین پێشێلکاریی لە ناوچە کوردییەکاندا دەکات وكه‌ گروپی خیانه‌تكاری ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ڕاده‌ستی كردوون ،دانیشتوانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی ناخۆشترین ڕۆژەکانیان به‌ڕیده‌كه‌ن.

Back to top button