ململانێی باڵه‌كانی یه‌كێتی ڕێگره‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی سه‌ركرده‌ كۆچكردووه‌كان

یه‌كێتی به‌ هۆی ململانێ ناوخۆییه‌كانیه‌وه‌ ناتوانێت پۆستی سه‌ركرده‌كۆچكردووه‌كانی پڕبكاته‌وه‌ ،چونكه‌ ململانێی باڵەکانی نێو حزبەکە و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستەکان و ترسیان لە ڕانەگرتنی هاوسەنگیی نێوان باڵەکان لەلایەن ئەو کەسانەی پۆستەکان پڕ دەکەنەوە، دەگەڕێتەوە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند:”کۆچی دوایی ھەریەک لە مام جەلال، سکرتێری گشتی و عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی کە دەستەی دامەزرێنەری ئەم حزبە بوون، کاریگەری زۆریان ھەبووە لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕیزەکانی یەکێتی”.

ئەندامی سەکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاشیگه‌یاند:” دەرفەتێک ھەیە بۆ ئەوەی کەسانێک کارەکانی سەرکردە کۆچکردووەکانی حزبەکە بگرنه‌ ئه‌ستۆ، بەڵام ”ھەمیشە لەناو یەکێتی بەڕێزێکی زۆرەوە تەماشای دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی کراوە، چونکە خودی ئەو سەرکردانە ئەو پڕۆژەیان ھێناوەتە کایەوە و کردوویانە بە پڕۆژەیەکی گەورە کە کاریگەریی سیاسیی زۆر گەورەی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە“. گوتیشی: ”جێگەی ئەو دوو سەرکردەیە بە ئاسانی پڕناکرێتەوە“.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت : ”ژیان ناوەستێ و ھەمیشە کەسانی نوێ جێگەی ئەو کەسانە دەگرنەوە کە لە ژیاندا نامێنن، دواجار ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی دەتوانن بۆ خۆیان کۆببنەوە و کەسێک بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێرن، بەڵام ئەوان دەڵێن، لەبەر ڕێزمان بۆ عادل موراد، ئێمە جارێ ھیچ کەسێک ھەڵنابژێرین، بەڵام ئێمە پڕکردنەوەی جێگەی ئەو سەرکردەیە ھەڵدەگرین بۆ کاتی کۆنگرە“.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌شڵێت:”بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی جەلال تاڵەبانییە و ”لەکۆنگرەدا خودی مام جەلال، کۆسرەت ڕەسوڵی ھەڵبژاردووە، بێگومان لەکۆبوونەوەی پێش ھەڵبژاردنەکان، ھەموو دەسەڵاتێکی سکرتێری گشتی دراوە بە کۆسرەت ڕەسوڵ، بۆیە ھەموو ئەنجومەنی سەرکردایەتی پابەندە بە ڕێنمایی و کارکردنی کۆسرەت ڕەسوڵ“.

سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد گووتی :” یەکێتی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی داوە و ”لێی پەشیمان نابێتەوە“. گوتیشی: ”کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تایبەت دەبێ بە یەک بابەت، ئەویش کۆنگرەی چوارەمە، بێگومان لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەکجاری لەسەر بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدەین“.

Back to top button