شێخ جەعفەر شێخ مستەفا : شێوازێكی نوێی عه‌ره‌باندن به‌ ناوی ناونوسینه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق هەر جارە و بە جۆرێك هەوڵی بەعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكان دەدات، چونكە ماوەیەكە داعش سەری هەڵداوەتەوە و هەڕەشە لە گوندەكان دەكەن، هێزە عێراقییەكانیش لێی بێدەنگن و لە ئێستادا دەیانەوێت خەڵكی گوندەكان چەكدار بكەن بۆ ئەوەی هەموو خەڵكەكە بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا،ڕایگەیاند: “حكوومەتی عێراق خۆی هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنی بووە بۆ ئەوەی خەڵكی گوندەكان ناچار بكرێن خۆیان بكەنە چەكداری ئەوان، ئەمەیش شێوازێكی نوێی بەعەرەبكردنە”.

بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی ڕاشیگه‌یاند: “لە سنووری قەرەتەپە و جەبارە و جه‌لەولا و ناوچەكانی دیكەی خانەقین، ناونووسین دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی هێزێك دروست بكرێت بە ناوی حەشدی نیشتیمانییەوە و ناونووسینەكەیش لە هەموو ناوچەكان دەستی پێكردووە و تەنانەت زانیاری هەیە لە هەڵەبجەش خەڵك ناوی خۆیان نووسیووە و لەدەوروبەری كەلاریش هەروەها، بۆیە گەر رێگری لەو كارە نەكرێت، مەترسیدارە و شێوازێكی نوێی عەرەباندنە و دەست بەسەر هەموو ناوچەكەدا دەگرن”.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ده‌ڵێت:” بۆ ئەوەی خەڵكەكە رازی بكەن و خۆی ناونووس بكات، باسیان لەوە كردووە كە خۆتان بكەنە چەكدار و لە گوندەكانی خۆتان دەوام بكەن و پارێزگاری لە گوندەكانی خۆتان بكەن و چەك و مووچەی ٧٥٠ هەزار دینارییان بۆ دەبەنە ماڵەوە”.

ده‌شڵێت:” پێویستە هەرێمی كوردستان رێگری بكات و رێگە نەدات بگاتە هەرێمی كوردستان، چونكە دیاردەی چەكداری زۆر دەبێت و ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە”.

به‌رپرسی لقی ١٥ی خانه‌قینی پارتی گوتیشی :” دەركەوت بێدەنگبوونی حكوومەتی عێراق بۆ ئەوە بووە ئەو جۆرە هێزانە دروست بكات و خەڵكی گوندەكان ناچار بكات بكرێنە چەكداری ئەوان، چونكە خەڵك دەزانێ هەڕەشەی لەسەرە و ناچارە ببێتە چەكداری ئەوانە، لەبەر ئەوەی هەر شەوی رابردوو لە گوندی مەردان تەقە لە هاووڵاتییەكی دیكە كراوە و گیانی لە دەست داوە”.

Back to top button