بڵیسه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق دانامركێته‌وه‌

 

له‌ به‌سره‌ خۆپیشاندانه‌كان تا دێت فراوانتر ده‌بن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منیان بۆ چوار ده‌وری باڵه‌خانه‌ حكوومییەكان دروستكردووە،خۆپیشاندەرانی بەسرە داوا لە ھێزە ئەمنییەكان دەكەن رووبەڕوویان نەبنەوە و ئەوان دژی ھێزە ئەمنییەكان نین، بەڵكو دژی بەرپرسە گەندەڵەكان خۆپێشاندان دەكەن.

حكوومەتی عێراق ناچاركراوە بە وەرگرتنی ١٠ھەزار مامەڵەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە دایان بمەزرێننێت، بەڵام خەڵكی بەسرە باوەڕ بەو بەڵێنە ناكەن و بە فێڵی دەزانن بۆ وەستاندنی خۆپێشاندانەكان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی بنووسرێت به‌ پێگه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی جه‌دیدی گوتووه‌: “هێزه‌كانی سوپا و پۆلیس و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاژاوه‌ له‌ مه‌یدانی ته‌حریری به‌غدا كشاونه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری مه‌یدانی خۆپیشانده‌ران ماوون بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ نه‌ده‌ن ره‌وشه‌كه‌ له ‌كۆنترۆڵ ده‌ربچێت”.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: “پردی كۆماریی كراوه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م ئه‌و رێگایانه‌ی به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وزیش دێن و ئێواره‌ی رۆژی هه‌یینی داخربوون ئێستا كراوه‌ن، به‌ڵام ھێزه‌كانی عێراق رێوشوێنی پێویست ده‌گرنه‌به‌ر و هه‌وڵه‌كانیان بۆ پاراستنی پایته‌خت چڕده‌كه‌نه‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت “ئاژاوه‌” درووست بكه‌ن سنوورێكیان بۆ دابنرێت”.

كۆمیته‌ی رێكخستنی خۆپیشاندانه‌كانی پارێزگای موسه‌ننا ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كارییان بۆ خۆپیشاندان له‌ شاری سه‌ماوه‌ی ناوه‌ندی پارێزگاكه‌ كردووه‌ و ده‌ڵین: “له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ماهه‌نگیمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ ئاژاوه‌و كره‌ده‌ی گێره‌شێوێنی نه‌ده‌ین”.

مه‌جید ركابی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌سره‌ش ده‌ڵێت: “ناردنی هێزی زۆر بۆ پارێزگای به‌سره‌ ناتوانێ خۆپیشانده‌ران دامركێنێته‌وه‌، به‌ڵكو تا ئه‌وكاته‌ی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت و كێشه‌كان چاره‌نه‌بن كه‌ به‌سره‌ گیرۆده‌ی بووه‌، خۆپیشاندان به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌هێزی سه‌ربازی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێن”.

بێ كاری و بێ كارەبایی و بێ ئاوی ئەو سێ ھۆكارەن كە وایانكردووە، دانیشتووانی بەغداش وەك شارەكانی دیكەی عێراق بڕژێنە سەر شەقام ، ھەرچەندە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دامركاندنەوە خۆپێشاندانەكان چەند بەڵێنێكی داوە، بەڵام خەڵكی عێراق بێ ئومێد بووە و بەردەوامن لە خۆپێشاندان.

هۆزه‌كانی پارێزگاكانی باشووری عێراق چه‌ند مه‌رجێك بۆ حكوومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی دیاری ده‌كه‌ن و به‌ داپڵۆسێنه‌ری خۆپیشانده‌ران تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن و ته‌ئكیدده‌كه‌نه‌وه‌ تا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت له‌ خۆپیشاندان پاشگه‌ز نابنه‌وه‌.

یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی هۆزه‌كانی باشوور ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت حكوومه‌تی به‌ده‌نگ داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بێت بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ستییان پێبكات”.

به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانیشه‌وه‌ تا ئێستا ١٤كه‌س كوژراوون و زیاتر له‌ ٦٠٠كه‌سیش بریندار بوون.

Back to top button