ئه‌نه‌كه‌سه :گفتوگۆی نێوان ڕژێمی سووریا و په‌یه‌ده بۆ ڕێككه‌وتن نییه، به‌ڵكو بۆ ڕاده‌ستكردنی ڕۆژئاوای كوردستانە
دوای ئه‌وه‌ی له ژێر فشاری توركیا و به بڕیاری هاوپه‌یمانان هێزه‌كانی سه‌ر به یه‌په‌گه له منبج كشانه‌وه و ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده به‌كۆتا هات و داوایان كرد له كاتی كشانه‌وه‌ش پێویسته هه‌موو ئەو چه‌كەی پێیان دراوه ڕاده‌ستی ئه‌وانی بكه‌نه‌وه، په‌یه‌ده ئێستا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمی سووریا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی سووریا وه‌كو پێش شۆڕ‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و له نوێترین ڕێككه‌وتنیش نووسینگه‌كانی په‌یه‌ده له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێم كرانه‌وه .
نووری بریمۆ، به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه له هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند: “گفتوگۆكانی نێوان ڕژێمی سووریا و په‌یه‌ده بۆ ڕێككه‌وتن نییه، به‌ڵكو بۆ ڕاده‌ستكردنی ڕۆژئاوای كوردستانە به ڕژێمی سووریا و گفتوگۆكانی له‌و چوارچێوه‌یه ده‌كرێن نه‌ك ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی هیچ پرسێكی دیكه‌وە، ئه‌گه‌رنا مەبەست گفتوگۆ بێت، ئێمه‌ش گفتوگۆمان پێ باشه و هیچ كات له گفتوگۆ ڕامان نه‌كردووه.”
به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه له هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: “گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ڕژێمی سووریا پێویسته گه‌ره‌نتی هه‌بێت و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی لێی ئاگادار بێت و ئێستا له جنیف گفتوگۆ له‌سه‌ر سووریا ده‌كرێت و ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا تێیدا به‌شدارن و مافی كورد ون نابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یه‌ده و ڕژێمی سووریا ده‌یكه‌ن، ڕاده‌ستكردنی ڕۆژئاوایه به ڕژێمی سووریا، چونكه ئەگەر كۆبانێ و جه‌زیره و ناوچه‌كانی كوردستان به‌جێ بێڵی و بچیته ته‌بقا و ڕه‌قه شه‌ڕ بكه‌یت و ئیعاز له هه‌واڵگری ڕژێم وه‌رگری، ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ژێر چه‌تری ڕژێمی سووریا.”
نوری بریمۆ ده‌ڵێت: “ئێمه وه‌ك ئه‌نه‌كه‌سه له‌گه‌ڵ حیوار و دانوستانداین له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا، به‌ڵام لایه‌نێكی كوردی بچێت ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌واڵگریی سووریا بكات ناچێته چوارچێوه‌ی دانوستان، چونكه دانوستان له جنێف و ئاستانه ده‌كرێت، نه‌ك به نهێنی.”
نووری بریمۆ له كۆتایی دا گوتیشی: “ئێمه ئاماده‌ین له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد له سووریا گفتوگۆ بكه‌ین و ئێستاش ئێمه به‌شێكین له ده‌سته‌ی باڵای دانوستانه‌كان، كه له حه‌وت پێكهاته پێك هاتووه، یه‌كێك له‌وانه ئێمه‌ین و مافی خۆمان هه‌یه و ده‌مانه‌وێت سووریایه‌كی فیدراڵی هه‌بێت و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمیش ده‌كه‌ین، به‌ڵام له ڕێگه‌ی جنێفەوە و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا به‌شدار بن، نه‌ك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سووریا بكه‌ین و بێن ئیداره‌ی ئێمه بكه‌ن.”