بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌با: كار بۆ راهێنانی فه‌مانبه‌ران ده‌كرێت له‌ سه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا له‌ بواری كاره‌با

 

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ كه‌ كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌ سیمكارت به‌ هاوڵاتیان بدرێت, بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم، كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم، به‌ كارێكی به‌سود و گرنگ وه‌سفده‌كات و ده‌ڵێت “ئه‌م سه‌نته‌ره‌ به‌سوده‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانیاری فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، بۆ به‌كارهێنانی ئامێرو ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م، له‌بواری سێكته‌ری كاره‌بادا”.

هۆگر شاڵی بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم رایگه‌یاندووه‌، “ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌و ئێستا كراوته‌وه‌و پێداویستی و ئامێری ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌می بۆ دابینكراوه‌، بۆ په‌ره‌پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌ رووی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م له‌ بواری كاره‌باو چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ روبه‌رووی ئه‌و سێكته‌ره‌ ده‌بنه‌وه‌”.

هه‌روه‌ها بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌با گوتیشی:” مه‌شقیان به‌چه‌ندین كه‌س كردووه‌ وه‌كو راهێنه‌ر، بۆ فێركردنی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ت، له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هێڵی كاره‌با، له‌ گواستنه‌وه‌ و دابه‌شكردن به‌ شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌، رۆژی 18-7-2018 له‌ رێوره‌سمێكدا، به‌فه‌رمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یه‌نرا.

Back to top button