پژاک: لە مەریوان 15 ئەندامی سوپای پاسدارانمان کوشت
دوای ئهوهی بهیانی ئهمڕۆ رووبهرووبوونهوه له نێوان هێزه كوردسهكانی رژههڵاتی كوردستان و سوپای پاسداران روویدا,راگەیاندنەکانی سەر بە پژاک بڵاویانکردەوە، شەوی رابردوو گەریلاکانیان 15 پاسداریان لە مەریوان کوشتووە، بەڵام سوپای پاسداران دەڵێت، 11 ئەندامیان کوژراون.
بەپێی زانیاری میدیاکانی نزیک لە یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، کە باڵی سەربازیی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدارە) “چالاکییەکەیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی چوار گەریلای یەرەکە لە هەورامان و مەریوان و تیرۆرکردنی ئیقباڵ مورادی خەباتکاری پژاک لە پێنجوێن، ئەنجامداوە”.
بەپێی زانیارییەکانی یەرەکە، لەو چالاکییکەدا “لانیکەم 15 پاسدار و ئەندامی خۆجێی سوپای پاسداران کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون”.
بەڵام رەزا میرزایی، بەڕێوەبەری ئەمنی و ئینتزامی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە تێکهەڵچوونێک لە نزیک مەریوان 11 ئەندامی خۆجێی سوپای پاسداران کوژران و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
میرزایی دەڵێت، هەشت لە کوژراوەکان خەڵکی مەریوان و سێ کەسی دیکەشیان خەڵکی شاری قوروەن.
لەم رۆژانەدا دوو جار تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە نزیک مەریوان و پاوە روویاندابوو. لەو تێکهەڵچوونانەدا چوار گەریلا گیانیانلەدەستدابوو. هەروەها چەند ئەندامێکی سوپای پاسدارانیش کوژرابوون.
لە ماوەی رابردوودا هێزی پێشمەرگەی سەربە حدکاش لە ناوچەی مەریواندا چالاکییان هەبووە. هەروەها لە چەند شوێنی رۆژهەڵاتی کوردستانیش تێکهەڵچوون لەنێوان پێشمەرگەی حدکا و هێزەکانی سوپای پاسداراندا هاتبووە ئاراوە.
محەممەد حوسێن رەجەبی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە دەڵێت، تۆڵەی کوشتنی ئەو پاسەوانانەی سوپای پاسداران دەکەنەوە.