هۆشیار زێباری: پێکهێنانی حکومەتی عیراق تا کۆتایی ئەمساڵ دەخایەنێت

 


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ هۆی خۆپیشاندانه‌كان گرژیه‌كان چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقی گرتۆته‌و هه‌روه‌ها تا ئێستا هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌ك پێكنه‌هاتووه‌ ئه‌مه‌ش گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت دووا بكه‌وێت, ئەندامێكی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایه‌ كه‌ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق تا دوو بۆ سێ مانگی دیكه‌ بخایەنێت.

هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مەکتەبی سیاسی پارتی كه‌ پێشتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و دارایی حكومه‌ته‌كانی دوای روخانی سه‌دام بووه‌ له‌ به‌غدا، دەڵێت، خۆپیشاندان و پێکهێنانی حکومەت دوو پرسی لە یەکتر جیاوازن، بەڵام پێیوایە پێکهێنانی حکومەت تا کۆتایی ئەمساڵ دەخایەنێت.

هۆشیار زێباری رایگه‌یاند “پێکهێنانی حکومەت دوو تاسێ مانگی دیکە دەخایەنێت، چونکە تا لایەنەکان لەسەر هەر سێ سەرۆکایەتی عیراق رێکدەکەون، پێکهێنانی حکومەت لانیکەم تاکۆتایی ئەمساڵ درێژەدەکێشێت”.

خۆپیشاندانەکانی باشور و ناوەڕاستی عیراق، کە بە دروشمی “نان و ئاو و کارەبا” دەستیانپێکردووە، ئێستا داوای لەناوبردنی حزبەکانیش دەکەن، چونکە پێیانوایە ئەو حزبانە بە ملیاران دۆلاری ئە وڵاتیان بردووە، ئەم دۆخەش ئاڵۆزی و کێشەی زیاتری خستە بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق.

نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ خۆپیشاندان له‌ پارێزگاكانی باشوری عیراق ده‌ستیپێكردووه‌و خۆپیشانده‌ران داوای چاككردنی ره‌وشی ژیانیان ده‌كه‌ن و ناڕه‌زایه‌تی له‌ نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و نه‌بوونی كار و وێرانیی شاره‌كانیان ده‌رده‌بڕن، به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانیشه‌وه‌ تا ئێستا 14 كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ 600ی دیکەش برینداربوون.

لە نوێترین هەڵوێستیدا موقتەدا سەدر، کە هاوپەیمانێتییەکەی لە هەڵبژاردنه‌ پەرلەمانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018 یەکەم بوو، داوای راگرتنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی کرد تا ئەوکاتەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکرێن.

Back to top button