خهسرهو گۆران: لیستی پارتی ھەمەڕەنگ دەبێت و له٣٠٪ی بۆ ئافرەت دەبێت
پارتی دیموكراتی كوردستان چەند رۆژێكە سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی كاندیدەكانیەتی و لەسەر ئاستی جۆراوجۆر ھەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ دانانی بهربژێرهكانی پارتی دیموكراتی كوردستان .
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، رایگەیاند:”لە شەممەی رابردووەوە تا ئەمڕۆ لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كار بۆ ئامادەكردنی لیستی كاندیدانی پارتیمان دەكرێت، لەبەر ئەوەش مەكتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاكان و ھەموو لقەكانی حزب بابەتی دانانی كاندیدانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوو كردووە، چەندین كۆبونەوەی تایبەت بەو پرسەوە ئەنجام دراون و بڕیارە لیستێك كە لە ١٠٠ كاندید پێك ھاتووە، ئامادە بكەین، دانانی ژمارەی كاندید بۆ ھەر پارێزگایەكیش لەسەر بنەمای دەنگی پارتی دەبێت لەو پارێزگایەدا”.
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ڕاشیگهیاند: “لیستی پارتی، لیستێكی ھەمەڕەنگ دەبێت، واتا ٣٠٪ی بۆ ئافرەت دەبێت و لە ھەموو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان كاندیدمان دەبێت، راستە ھاووڵاتیانی كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بەشداری لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستاندا ناكەن، لەگەڵ ئەوەش خەڵكێكی زۆرمان ھەیە كە خەڵكی كەركووكن و دەمێكە لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەوانیش بێبەش نەكراون، ھەتا كاندیدی كوردی ئێزدی و فەیلیمان ھەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان”.
سهبارهت به تۆماركردنی ناوی كاندیدانی پارتی له كۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ههلبژاردنهكانی ههریم خەسرۆ گۆران گووتی: “كۆمسیۆن ٢٥ی ئەم مانگەی دیاری كردووە بۆ رادەستكردنی ناوی كاندیدەكان، ئێمەیش ھەوڵ دەدەین لە ٢٥ی مانگدا ناوی لیستی كاندیدمان ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەكانی كوردستان بكەین، ئێمە لە پلانماندا نییە بەر لە ٢٥ی مانگ ناوی كاندیدەكانمان رادەستی كۆمسیۆن بكەین”.