رۆحانی بۆ ئه‌مریكا یاری به‌كلكی شێر مه‌كه‌ن

شەوی 8ی5ی2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکیی وڵاتانی پێنج + یەک لەگەڵ ئێران، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران بە تەواوی تێکچوون و رۆژانە هەڕەشە لە یەکتر دەکەن.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی، حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە”ئەگەر شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران دروست بێت، ئەوا شەڕێکی گەورە دەبێت و دەبێتە ”دایکی هەموو شەڕەکانی پێشووی جیهان“.

حەسەن رۆحانی داواشی لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کردووە یاری بە کلکی شێر نەکات، چونکە ”بە یاریکردن لەگەڵ کلکی شێر، تەنیا پەشیمانیت بۆ دەمێنێتەوە“.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

Back to top button