بزانە ئیتالیا بارزانیان لەچی ئاگادار كردەوە

خواكوڕك
 
ئەمرۆ ڕۆژی شەممە 15ـی 10ـی 2016 لە هەواڵێكدا ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی بڵاو كردەوە كە لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماركۆ كارنێلۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كردووە.
 
هەر لە هەواڵەكەدا هاتووە كە لەكۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە هەوڵەكانی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدان و مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و هەروەها پاراستن و نۆژەنكردنەوەی بەنداوی موسڵ لە لایەن ڕاوێژكار و ئەندازیارانی ئیتالیا ئاگادار كردەوە. هەروەها سوپاسی هاوكاری و ئاسانكاریی لۆجستیكیی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هێزەكانی ئیتالیا. وێڕای دەڕبڕینی نیگەرانیی وڵاتەكەی لە قۆناغی دوای داعشدا، دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەروەها سەردانە سەركەوتووەكەی بۆ بەغدا.
 
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پێویستە بۆ هەموو لایەك لەناوبردنی تیرۆر تاكە ئەجێندا بێت.
Back to top button