نازم ده‌باغ: هێزە كوردیەكانی ئێران و توركیا بونەتە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران ده‌ڵێت: بۆ یەك جاریش كۆماری ئیسلامی ئێران لە خۆیەوە بۆردومانی ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستانی نەكردووە ، هێزە كوردیەكانی ئێران و توركیا بونەتە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند : ” تۆپبارانەكانی ئێران و توركیا تازە نین، هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان وایە كە لەسنورەوە دراوسێی توركیا و ئێرانە ، هەركات لەلایەن هێزە كوردە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە چالاكی دژی ئەو وڵاتانە ئەنجام بدرێت ئەو وڵاتانەش بۆ بەرگریكردن لەخۆیان دەست دەكەن بە تۆپبارانكردن، واتە هیچ كات ئەو وڵاتانە لەخۆیانەوە تۆپبارانیان نەكردووە.”

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند:” بەدڵنیاییەوە دەیڵێم بەداخەوە هەموو جارێك تۆپبارانەكان وەڵامدانەوە و بەرگریكردن بووە لەبەرامبەر ئەو چالاكیانەی كە هێزە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان ئەنجامی دەدەن بەتایبەت ئەو چالاكیانەی كە ڕاگەیاندنەكانی كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵاوی دەكەنەوە ، بۆیە هەروەك جەنابی سەرۆكی حكومەت كاك نێجیرڤان گوتی: ئێمە قسەلەگەڵ ئەو لایەنانە دەكەین. بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت قسە لەگەڵ لایەنە كوردییەكانیش بكرێت كە ڕەچاوی دۆخی یاسایی هەرێمی كوردستان بكەن و چالاكی دژی ئێران و توركیا ئەنجام نەدەن”.

Back to top button